دەفتەری کاری یاسایی موختار زارعی بە هۆی هەڵنەواسینی وێنەی خومەینی و خامنەیی داخرا.
دەفتەری کاری یاسایی ڕاوێژکاریی خۆڕایی و مڵک وماڵی “موختار زارعی” چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە داخرا..
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئەماکنی شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری “موختار زارعی” چالاکی مەدەنی ناسراوی خەڵکی ئەو شارەوە و دایان خستووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە هێزی ئیتلاعاتی سپا بوون و لەژێر ناوی هێزی ئەماکن، دەفتەری کاری یاسایی ڕاوێژی خۆڕایی و مڵک وماڵی موختار زارعییان داخستووە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، ئەو هێزانە پێشتر داوایان لە ‘موختار زارعی” کردبوو کە وێنەی خومەینی و خامنەیی لە شوێنی کارەکەی هەڵواسێت بەڵام ناوبراو ملی نەدابوو بۆ ئەو داواکارییەیان.
جێگای ئاماژەیە کە ١٢ کەس لەو شوێنە سەرقاڵی کار و ئیش بوون کە سەرجەمیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە زۆر لە دەفتەری کارەکەیان بەدەر نراون.
موختار زارعی چالاکی مەدەنی و ناسراوی خەڵکی شاری سنە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسیەنەوەی لەگەڵ کراوە و چەندین جاریش دەسبەسەر کراوە.
ئەو چالاکە مەدەنییە دوایین جار ڕۆژی شەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، دوای بانگ کران بۆ دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی بێڕێزی بە خامنەیی، تێکدانی بیروڕای گشتی و پڕووپاگەندە دژی حکوومەت دەسبەسەر کرابوو.