کچە شاعیرێکی لاوی خەڵکی شاری دوروود سەر بە پارێزگای لوڕستان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕیژیمی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، مینا ڕاد، شاعێری تەمەن ٢٥ ساڵەی خەڵکی شاری دوروود سەر بە پارێزگای لوڕستان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی دوو مانگی حوکمی بەندکرانەکەی دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.
مینا ڕاد ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی دوروود بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر و دوای سێ ڕۆژ بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەو شاعیر و نووسەرە لاوە دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لەلایەن دادسەرای فەرهەنگ و میدیا بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژی حکوومەت“ حوکمی دوو مانگ بەندکران و ٨ مانگ بەندکرانی هەڵپسێردراوی بە سەردا سەپا. ئەو حوکمە یەکی خەرمانی ئەمساڵ وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.