بەرپرسی فەرهەنگی شورای شاری تاران دەڵێ: ئادرەسی کێشەکانی ئێران، کۆشکی سپی نییە.
محەممەد جەواد حەق شناس، بەرپرسی فەرهەنگی شورای شاری تاران داوای لە سەرۆک کۆماری ئێران”حەسەن ڕۆحانی” کرد کە کێشە ئابوورییەکانی وڵات و ناکارامەیی بەرپرسانی ئێران نەخاتە ئەستۆی ئەمریکا، بە درۆکردن و چەواشەکردنی ڕاستییەکان هیچ دەردێکی خەڵکی بێ دەرەتان و هەژار چارەسەر نابێ، بەڵکوو زیاتر هاندەریان دەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیژیم.
“حەق شناس” ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، بە ئاماژە بە داڕمان و بێ بایەخ بوونی پارەی ئێران لە بەرانبەر دولاری ئەمریکادا، لە وڵامی حەسەن ڕۆحانیدا دەڵێ: دەمهەوێ بە بەرپرسانی باڵای وڵات بڵێم کە ئادرەسی هەڵە بە خەڵک نەدەن، ئادرەسی کێشە ئابوورییەکانی وڵات کۆشکی سپی نییە.
حەق شناس بە ئاماژە بە داڕمانی”تۆقێنەری” بەهای تمەنی ئێرانی لە بەرانبەر دولاری ئەمریکادا و قسەکانی ئەم دواییانەی “حەسەن ڕۆحانی” کە وتبووی، سەرچاوەی هەموو کێشە ئابوورییەکانی ئێران ئەمریکایە وتی: نابێ بەرپرسانی باڵای وڵات لە گەڵ خەڵکیدا دڕۆ بکەن، ئادرەسی کێشەکان لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندا ببیننەوە، نابێ ناکارامەی و گەندەڵی بەرپرسان لە هەمبەر داڕمانی ئابووری وڵات هەمووی بخرێتە ئەستۆی ئەمریکا.
حەق شناس بە توانجەوە بە ڕۆحانی دەڵێ: ئایا ڕاوێژکارێکی پسپۆڕ و لێزانت نییە کە ڕاوێژی لە گەڵ بکەی، بەڵکوو ئەو هەموو درۆ و چەواشەکارییانە دەرخواردی خەڵک نەدەی.
ناوبراو بێ هیوا بوونی خەڵک لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەکوو”گەورەترین ڕووداوی تاڵ” ناو دەبا و دەڵێ: ئەمڕۆ گەورەترین مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بێ هیوایی و نائومێدی خەڵکە لە بەرپرسانی ڕێژیم.