بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهیدان لە ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان هاووڵاتییەکی سوننی مەزهەبی خەڵکی کرماشانیان بە ناوی ”حیسام عەبدوڵڵاهی“ دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حیسام عەبدوڵڵاهی ڕۆژێک دوای دەستبەسەر کرانی پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و گوتوویەتی کە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی زاهیدان ڕاگیراوم و دوای ئەوە هیچ پەیوەندییەکی نەبووە و چارەنووسی نادیارە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی کە حیسام عەبدوڵڵاهی خوێندکاری حوجرەی زانیستی زاهیدان بووە و ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیییان خستووەتە پاڵی نابراو.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شیوەیەک دژایەتی دین و ئایین و ڕەگەز و نەتەوە جیاوازەکان دەکا و لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا گوشارێکی زۆری خستۆتەسەر ئەو چالاک و باوەڕدارانەی کە بیرو ڕای جیاوازیان هەیە و بە هەموو شێوەیەک دەیانچەوسێنێتەوە و گوێ بۆ هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و مرۆیی شل ناکا.