وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە کە بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نێونەتەوەیی.
لە ڕاپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە تایبەت بە ئێران ئامادەکراوە، هاتووە کە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوییەوە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران سەرچاوەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی.
لەم راپۆرتەدا هاتووە کە، لە چوارچێوەی پابەند نەبوونی ڕێژیمی ئێران بە مەرجەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و هەوڵەکانی بۆ شاردنەوەی نیازەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، بەرنامە ناوکییەکەی هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیتاندنی ئۆرانیۆم کراوە و دەڵێت، تواناکانی ئەو ڕێژیمە رۆژ بە رۆژ زیاتر و فراوانتر دەبن و وەک ئامرازی هەراسانکردن بەکاریان دەهێنێت و هەموو ئەو کارانەش مەرجەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوک و پەیمانی بڵاونەکردنەوەی چەکە ناوکییەکان پێشێل دەکات.
رۆژی ٣١ی مانگی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، ئەمریکا بەشی یەکەمی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بردەوە بواری جێبەجێکردن کە لە ١٣٩٤ی هەتاویدا بەهۆی رێککەوتنی بەرجام هەڵگیرابوون.
جێگای ئاماژەیە کە بڕیاری واشینگتۆن بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا دوای ئەوەهات کە ئەمریکا نەیتوانی ئەنجومەنی ئاسایش ڕازی بکات لەسەر درێژ کردنەوەی ماوەی قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە ئێران کە لە مانگی داهاتوودا بەسەر دەچێت.