ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەیەکی کوردی، نەودینی مەسێحی دانیشتووی شاری تاران و هەڕەشەیان لێ دەکەن کە ئەگەر کچەکەتان نەگەڕێننەوە بۆ ئێران، دەسبەسەر ماڵەکەتاندا دەگیرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران و یەک لەوان ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری تاران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ”ئیبراهیم ئەفشارپوور“ هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی ئەو شارە..
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەفشارپوور، ناوەندە ئەمنییەکانی تاران لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار “ئیبراهیم ئەفشارپوور”یان کە خەڵکی سنەیە بانگ کردووە و داوایان لێکردووە کە کچەکەی بە ناوی ”حەمیدە ئەفشارپوور“ لە وڵاتی سوئید بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لە ناوبراو کردووە کە ئەگەر کچەکەی نەگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، ماڵەکەی کە پێشتر تاپۆکەی وەکوو بارمتە دانرابوو، دەستی بە سەردا دەگیرێت.
حەمیدە ئەفشارپوو تەمەن ٤٤ ساڵ و نەودینی مەسیحییە کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە دەسبەسەر و پاش ٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتە (تابۆی ماڵی باوکی) بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە تۆمەتی پڕوپاگەندە و پەرەپێدان بە ئایینی مەسیحی خراوەتە پاڵ..
ئەو نەودینە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان وڵاتی خۆی بەجێهێشت و ئێستا لە وڵاتی سوئید دەژی.
جێگای ئاماژەیە ڕێژیمی ئێران، بە دژایەتی کردنی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان بەردەوام گوشار دەخاتە سەر ڕێڕەوانی ئایینەکانی دیکە و وڵاتێکی پڕ مەترسی بۆ ئایینە جیاوازەکان و بیروڕا جیاوازەکان لە ئێران درووستکردووە.