سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” ئانتۆنیۆ گوتێرێز” داوا لە ئازەربایجان و ئەرمەنستان دەکا کە بە زووترین کات شەڕ ڕابگرن و بگەڕێنەوە سەر میزی وتووێژ.
شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا لە کۆتایی دانیشتنی شوراکەدا کە لە سەر داواکاری وڵاتانی ئورووپایی بەرێوە چووبوو، داوای” ڕاوەستانی خێرای شەڕ”ی نێوان دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنستانی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری فەرانسە، شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆدەنگی وڵاتانی ئەندام، داوای ڕاوستانی خێرای شەڕ کە بۆ سێهەمین ڕۆژ لە ناوچەی” ناگۆڕن و قەرەباغ” ئەو هەرێمەی کە جێگای کێشەی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستانە دەکا.
ئەندامانی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەدا پشتیوانی خۆیان بۆ ” داواکاری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر ڕاوستانی خێرای شەڕ لە نێوان وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان” دەربڕی.
دانیشتنی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر داوای وڵاتانی” ئاڵمان، فەرانسە، بریتانیا و ئێستۆنی” بەڕێوە چوو، هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووەکە ئەندامانی شورا بە تەواوی” پەنابردن بۆ هێز مەحکووم دەکا و نیگەرانی خۆی لە هەمبەر خەسارە گیانی و ماڵییەکانی خەڵکی مەدەنی دەربڕی”.
ئەندامانی شورای نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ دانیشتن وتووێژی ئاشتیانەی نێوان دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنستان دەربڕی.
شایانی باسە هێزەکانی ئەرمەنستان و کۆماری ئازەربایجان لە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەرەوە شەڕ و تێکهەڵچوونێکی خوێناویان لە ناوچەی” ناگۆڕن و قەرەباغ” دەسپێکردووە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووە.