وڵاتی بەحرەین بۆ پشتیوانی کردن لە عەرەبستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکا، بە کاردانەوەیەکی شیاو و گونجاو کۆتایی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بێنن.
بە دوای دەسبەسەرکرانی باندێکی تێرۆریستی ڕاهێنراو لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە عەرەبستان، بەحرەین داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکا کە بەرهەڵستی ڕێژیمی ئێران ببنەوەو کۆتایی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی بهێنن.
پاشای بەحرەین ڕۆژی دووشەممە٧ی ڕەزبەری٩٩ی هەتاوی بەجەختکردنەوە لە سەر پشتیوانی کردنی عەرەبستان وتی: ڕووبەڕووی هەر وڵاتێک دەبینەوە کە بیهەوێت هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عەربستان بکا و مەترسی بخاتە سەر هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری بەحرەین”بەنا” پاشای بەحرەین، سپاس و پێزانینی خۆی لە هەمبەر دەسبەسەرکرانی باندێکی تێرۆریستی ڕاهێنراو لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ دەزگای ئاسایشی وڵاتی عەرەبستان دەربڕی و وتی: ڕێژیمی تێرۆریست و ئاژاوەگێڕی ئێران بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە.
هەروەها ناوبراو بە دووپاتکردنەوەی ئەویکە یەکڕیزی و تەبایی وڵاتانی عەرەبی بە دژی ڕێژیمی ئێران کارێکی زۆر پێویست و گرینگە وتی: هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆمان وەگڕ دەخەین بۆ پشتیوانی و پاراستنی هاووڵاتیانی عەرەبستان.
پاشای بەحرەین ڕێژیمی ئێرانی بە ڕاهێنان و پڕچەک کردنی گرووپە تێرۆریستییەکان و هەروەها پشتیوانی کردنی ماڵیی ئەو گرووپانە، بۆ جێبەجێکردنی کاری ئاژاوە گێڕی و کردەوەی تێرۆریستی لە ناوچەکە و لە جیهاندا تۆمەتبار و شەرمەزار کرد.
بەحرەین داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکا و دەڵێ: تا کۆتایی بە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران نەهێنن، ڕۆژهەڵاتی ناوراست ئاشتی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ.