لە ئاکامی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، ٣ منداڵ و دوو کەسی دیکە کوژران و دوو کەسیش بریندار بوون
هەواڵنێری ئەلعەرەبییە ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لە ئاکامی هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ٧کەس کوژرا و برینداربوون کە سێ لە کوژراوەکان منداڵن.
دوو مووشەکی کاتیۆشا لە کۆی ئەو مووشەکانەی کە بۆ لای فرۆکەخانەی بەغدا تەقێندروان، لەو نزیکانەدا بەر ماڵێک کەوتووە و بۆتە هۆی کوژرانی ٥ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی عێراقیی وبریندار بوونی دوو کەسی دیکە.
زافر ئەلعانی نوێنەری پەرلەمانی عێراق لەرو پێوەندییەدا ڕایگەیاند: ئەو چەکوچۆڵە پێشکەوتووەی کە گرووپە میلیشیاکان ڕایانگەیاندوە کە بە دەستیان گەیشتووە، ئەمڕۆ هێرشیان پێ کردوەتە سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بوونەتە هۆی ئەنجامدانی جینایەتێکی دیکە لە عێراقدا لە لایەن گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە.
شایانی باسە کە “ئەکرەم ئەلکەعبی” فەرماندەی میلیشیاکانی ئەلنەجبا، ڕۆژی یەکشەممە هەڕەشەی کردبوو کە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو کە لە دەستی ئەو گرووپانەدا هەیە، دەکرێتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە پێداگری لە سەر چالاکیی زۆری ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لەو قۆناغە هەستیارەی ئێستادا جەختی کردەوە و گوتی کە ئەم گرووپە تێکدەرانە نابێ ئیزنیان پی بدرێت کە ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە و دەبێ سزای دادپەروەرانە بدرێن.
هێرشی مووشەکی دوێنێ بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، یەکێک لەو کۆمەڵە هێرشانە بوو کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەیانکردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا، ناوچەی ئەلخەزرا، فڕۆکەخانەی بەغدا و لە ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا دووبارە بووتەوە.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە کۆمەڵیک لە داواکارییەکانی ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و مۆڵەتی پێدا کە تا پێش داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا داواکاریەکان جێبەجێ بکات.
هەواڵنێری ئەلعەربیش ڕایگەیاند کە پۆمپێئۆ نیگەرانی واشینگتۆنی لە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر باڵویزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا گەیاندە مستەفا کازمی و داوای کرد کە ئەو گرووپە میلیشیایانەی سەر بە ئێران لە عێراق چەک بکرێن.
پۆمپێئۆ ماوەیەک پێش ئێستا هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر دەوڵەتی عێراق کارێک بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی ئەم میلیشیایانەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکات ، ئەمریکا بە نیشانەی ناڕەزایەتیی باڵویزخانەکەی لە بەغدا دادەخات کە گوشارێکی زۆری بۆ سەر حکوومەتی عێراق لێدەکەوێتەوە.