٨ شارۆمەندی بەهایی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان بانگهێشت کران.
هەشت هاوڵاتیی بەهایی کە پێشتر بە ١١ ساڵ و٣ مانگ بەندکران حوکمدرابوون بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان بانگهێشتی دادسەرای شاری بیرجەند، کران.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، عەتیە ساڵحی، نەسرین قەدیری، بەنەفشە موختاری، فەرزانە دەیمی، ئارەزوو محەممەدی، عەتائوڵڵا مەلاکی، ڕۆیا مەلاکی و سەعید مەلاکی، هەشت هاووڵاتی بەهایی خەڵکی بیرجەند بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان بۆ دادسەرای بیرجەند بانگهێشت کران.
ئەو هەشت کەسە پێشترلە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خوراسانی باشوور سەرجەم بە ١١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران حوکمدران و ئاگادار کراونەوە کە لە کاتی ناردنی نامەی ئاگادرا کردنەوە تا دە ڕۆژ دەبێ خۆیان بە بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکان لە دادسەرای بیرجەند بناسێنن.
شایانی باسە هەڵاواردنی مەزهەبی و نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزی لە بندەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دیاردەیەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەو ڕێژیمە لەو پێوەندییەدا گوێ بۆ هیچ یاسا و ڕێسایەکی مرۆیی و نێونەتەوەیی شل ناکا و ئێرانی کردۆتە کوشتارگەی جیابیران.