وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان، تورکیەی بە دەستێوەردان، ناسەقامگیری و شەڕ لە هەرێمی”قەرەباغ” تۆمەتبار کرد.
لە کاتێکدا شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە دووڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ناوچەی”ناگۆڕن و قەرەباغ” بەردەوامە زەهراب مناتساکانیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان، ڕۆژی یەکشەممە٦ی ڕەزبەری٩٩ی هەتاوی لە لێدوانێکدا لە گەڵ کاناڵی ئەلعەرەبیە، تورکییەی بە هۆکاری ناسەقامگیری و شەڕ لە هەرێمی” قەرەباغ” تۆمەتبار کرد.
ناوبراو دەڵێ: کۆماری ئازەربایجان بەردەوام بە زمانی هەڕەشەو شەڕ لە گەڵ وڵاتەکەمان دواوەو لەم نێوانەشدا، دەوڵەتی تورکیە دەوری ئاژاوەگێڕی لە قەرەباغ گێڕاوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە وڵاتی ئەرمەنستان لە ناوچەکەدا خوازیاری ئاشتی و تەباییە وتی: ئەگەر کۆماری ئازەربایجان شەڕی دەوێ، ئێمە هێزی تەواومان بۆ بەرگری لە وڵاتەکەمان و پاراستنی هەرێمی” قەرەباغ” هەیە.
هەر لەم پێوەندییەدا دەوڵەتی تورکیە ڕایگەیاندوەکە، ئێمە بە هەموو هێز و توانامانەوە پشتیوانی” باکۆ” لە شەڕ بە دژی ئەرمەنستان دەکەین.
تورکیە جیاواز لە پشتیوانی سیاسی لە باکۆ، لە ڕووی هێزی چەکداریشەوە یارمەتی زۆری کۆماری ئازەربایجانی کردووە، تەنانەت هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سووریەی ڕوانەی ناوچەی شەڕەکە کردووە، بە شێوەی ڕەسمی چووتە نێو شەڕی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەرمەنستان ڕایگەیاند، ئەرتەشی کۆماری ئازەربایجان بە هاوکاری میلیشیا چەکدارە سوورییەکانی سەر بە تورکیە، هێرشێکی بەربڵاویان لە باشووری هەرێمی”قەرەباغ” دەسپێکردووە، ئەگەر پێویست بێ ئێمە لە مووشەکی باڵستیکی” ئەسکەندەر” و فڕۆکە شەڕکەرەکانی”su-30″ بە دژی هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان کەڵک وەردەگرین.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر دەوڵەتی ڕووسیە بە زمانی هەڕەشە ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر تورکیە بیهەوێت خۆی لەو شەڕە هەڵقوڵتێنێ، ڕووسیەش بە هەموو هێزیەوە پشتیوانی لە ئەرمەنستان دەکا.