لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەر سنوورەکانی کوردستان شوانێک دەکوژرێ و دوو کۆڵبەریش بریندار دەبن.
بەپێێ هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی یەک شەممە ٦ی ڕەزبەری ١٣٩٩، کۆڵبەرێک بەناوی ” ئیبراهیم ڕەسوڵیان” خەڵکی ئاوایی “گروێس”ی سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی هێزەچەکدارەکانی سنوور بە سەختی بریندار دەبێ.
ئەو کۆڵبەرە لە ترسی گیانی خۆی، بۆ دیوی لای باشوور دەگەڕێتەوە و هاونیشتمانیانی ئەو بەشە لە کوردستان دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و ئێستا لە شاری سلێمانی چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی رەزبەر، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “رەحیم ئیرەجی” خەڵکی گوندی “قوڕە دەرە”ی شاری سەقز، لەلایەن هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە تەقەی لێدەکرێ و بریندار بووە.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، هەنووکە لە ناوەندی دەرمانی شاری بانە، لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.
لەلایەکی دیکەشەوە و لە هەمان ڕۆژدا، شوانێکی دەڤەری شاری ماکۆ بەناوی “ڕزا قولکانلوو” لە کوێستانەکانی قارس لە کوردستانی تورکیە کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئەرمەنستان، لەلایەن هێزەکانی تورک تەقەی لێدەکرێ و هەر لەوێ گیانی لەدەست دەدا.
ئەو شوانە تەمەنی ٢١ ساڵ بووە و لەبەر بێکاری و نەبوونی هەلی کار و دەرەتان بەناچار ڕووی لە کوردستانی تورکیە کردبوو و لەوێ شوانەتی دەکرد.