ناوەندی نووسەران: زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جیابیرانی ئێرانی کوشتارگەیە.
ناوەندی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا دوای دەسبەسەر و مەحکووم کردنی سێ کەس لە ئەندامانی خوی بۆ بەندیخانەی ئێڤین، ڕایگەیاند کە بەندکرانی سێ نووسەر و تۆمەتبارە مەزهەبی و سیاسییەکان لە کاتی پەرە سەندنی پەتای کۆرۆنادا، ئەوە دەگەێنێ کە بەرپرسانی ئەمنییەتی وقەزایی ڕێژیمی ئێران دەیانهەوێت ناڕازییان و نەیارانی خویان بنێرنە کوشتارگە.
لەم بەیاننامەدا ناوەندی نووسەران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە، پێدانی سزای قورس بە دژی سێ کەس لە ئەندامەکانیان کارێکی” قیزەون و دژی بەهاکانی مافی مرۆڤە”و ئەم کارە شەرمەزار و مەحکووم دەکەین.
ئەم بەیاننامەیە ڕۆژی شەممە٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی بەدوای دەسبەسەر کران و گواستنەوەی”ڕەزا خەندان” ،” بەکتاش ئابتین” ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی نووسەرانی ئێران و “کەیوان باژەن” ئەندامی پێشووی ناوەندی نووسەران، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگەیاندراوە.
بە دوای بانگهێشت و گواستنەوەی ئەم سێ نووسەر بۆ بەندیخانە، دەستەیەک لە ئەندامانی ناوەندی نووسەرانی ئێران و دەستەیەک شاعێر و نووسەری سەربەخۆ، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر بەندکرانی ئەو سێ نووسەرە لە بەردەم بەندیخانەی ئێڤین کۆبوونەوە.
ئەم سێ نووسەرە بە تۆمەتی”پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم” و” هەوڵدان دژی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران” لە دادگای شۆڕشی تاران بە بەندکران سزا دراون.
ناوەندی نووسەران لەم بەیاننامەیەدا ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەو سی نووسەرە بە بێبنەما ناو دەبا و دەڵێ: بە هۆی ئەم تۆمەتانەوە” رەزا خەندان ” و ” بەکتاش ئابتین” هەریەک بەشەش ساڵ و “کەیوان باژەن” بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دراون.
ناوەندی نووسەران بە ئاماژە بەوەیکە، پێدان و جێبەجێکردنی سزای ئەو سێ نووسەر ئەوە دەگەێنێ کە ڕێژیمی ئێران نووسەران و جیابیرانی حکوومەت دەسبەسەر دەکا و باوەڕی بە هیچ بنەما و مافێکی مرۆڤ نییە، ئێستا کە هەژاری باڵی بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا کێشاوە، رێژیم بە جێگای ئەوەی لە دەردی خەڵکی بکۆڵێتەوەو چارە سەری بکا، ناڕازییانی خوی دەسبەسەر و بە دڕندانەترین شێوە سزایان دەدا.