هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی کورد کە حەوتووی ڕابردوو دوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەکەی دادگایی کرابوو، حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، دانیشتنی دادگای هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد لە لقی دووی دادگای شۆڕشی شاری سنە بەڕێوەچوو و ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەر حوکمە سەپێندراوەکەی کە ٣٨ مانگ بەندکران بووە، بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.
لە لایەکەوە هۆشمەند ماوەی ٢٧ مانگە لە بەندیخانەیە و چاوەڕوان دەکرێت کە ئەو بەندکراوە سیاسییە ساڵی دیکە و دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد بکرێت. حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کە پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، دوو حەوتووی پێش لە لایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە هەڵوەشێندرایەوە.
هۆشمەند عەلیپوور کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”سەعیدی“ بە تۆمەتی ”بەغی“ (شەڕی چەکدارانە) لەرێگای ئەندامیەتی لە حیزبێکی دژبەری نیزام حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
محەمەد ئوستاد قادر و هۆشمەند عەلیپوور، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٩٧ی هەتاوی لە لایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و شەوی ١٦ی گەلاوێژ و تەنیا دوای ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانیان دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم دوو کەسە لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرایەوە.
دانیشتنی دادگای ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بەڕێوەچوو و حوکمی سێدارەی هۆشمەند ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.