بە دوای دەس لە کار کێشانەوەی مستەفا ئەدیب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، نوێنەریکی مەجلیسی لوبنان دەڵێ: گرووپە چەکدارەکانی حیزبوڵا، لوبنانیان بە بارمتە گرتووە و بە فەرمانی ئاخوندەکانی تاران، پێش بە درووست کردنی دەوڵەتی لوبنان دەگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی نزیک لە ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرانسە، ڕایگەیاندوەکە فەرانسە ئیزن نادا لوبنان بڕوخێت.
مەکرۆن دەڵێ: ئەمە ناپاکی کردنی حیزبەکانی لوبنانە، لە سەرووی هەموویانە میلیشیاکانی حیزبوڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران.
پێداگری حیزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە هەمبەر پشکی وەزیری ئابووری لوبنان، گەورەترین بەربەستە لەسەر ڕێگای دامەزرانی دەوڵەتی تازەی لوبنان.
ئەحمەد فتفت، نوێنەری مەجلیسی لوبنان لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی’ ئەلحەدس” دەڵێ: میلیشیاکانی حیزبوڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران لوبنانیان بە بارمتە گرتووە و بە پێی بڕیاری تاران پێش لە درووستکردنی دەوڵەتی تازە لە لوبنان دەگرن، هەروەها ناوبراو دەڵێ: ” میلیشیاکانی حیزبوڵا بەرپرسن لە تەقینەوەکەی بەیروت و ئەو هەموو ڕووداو و کردەوە تێرۆریستییانەی کە لە لوبنان ڕوودەدا”.
شایانی باسە بە هۆی ئاژاوەگێرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و فەرمان کردن بە میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان و پیلاندانان بۆ کارو کردەوەی تێرۆریستی لە ناوچەکە بەگشتی و لوبنان بە تایبەتی، ڕێگری لە دامەزرانی دەوڵەتی تازەی لوبنان دەکا.