موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کورد، دوای ٢٢ ڕۆژمانگرتن لە خواردن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خوی هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٩ی هاتاوی ، موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری کەلاردەشت دوای ٢٢ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لەسەر داوای بنەماڵەکەی و ڕاسپاردەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێناوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی موژگان کاووسی هاوکات لەگەڵ شازدەهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەی، بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و بە مەبەستی ئەنجامی نەشتەرگەری، بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی تاران گوازرایەوە کە ئەو نەشتەرگەرییە بۆ ڕۆژی سێشممە ٨ی ڕەزبەر دواخراوە.
ئەو توێژەرە کوردە نەخۆشی ئەندامانی “کۆهەرەس یان هەناسە بڕکێ” هەیە و بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان نەدەدا کە لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافی مەرەخەسی و هەروەها هەڵاواردنی ڕەگەزی بۆ پەیوەندی بەندکراوەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان مانی لە خواردن گرتووە، وەک باس دەکرێت بەندکراوە پیاوەکان زیاتر دەتوانن پێیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.
موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری نیزام” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.
شایانی باسە ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕ، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.