وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەی لە عێراق کردووە لە ئەگەری پێشنەگرتنی حکوومەتی عێراق بە هێڕشە تێرۆریستییەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
ڕۆژنامەی واشێنگتۆن پۆست ڕایگەیاندووە کە مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی بە کاربەدەستانی عێراق داوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق، بە بڕیاری وەزارەتی دەرەوە، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق دادەخرێ.
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بەو بۆنەوە لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپ و ڕێکخراوەکانی عێراقدا دانیشتووە و داوای لێیان کردووە کە کۆتایی بە هێرش کردنە سەر بنکەکانی هێزە ئەمریکاییەکان بێنن.
پۆمپێئۆ جەختی کردووەتەوە کە دۆنالد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەرقاڵی بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە هێرشەکانە و ئەگەری هەیە لە بڕیارێکی نوێدا، فەرمان بدا کە هەموو گرووپ و ڕێکخراوەکانی دژ بە ئەمریکا لە عێراق هێرشیان بکرێتە سەر و لەناویان ببەن.