٢٠٧ کەسی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤کاتژمێری ڕابردوو گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا،” سیما سادات لاری” وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ئاماری ڕەسمی پەیوەندیدار بە تووشبووان و قوربانیەکانی کۆرۆنای لە ئێران خستە ڕوو و گوتی: لەم ماوەیەدا ٣هەزار و ٥٦٣ تووشبووی نوێ ناسێنراون.
هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی ئەم پەتایە، گەیشتووەتە ٢٥هەزار و ٢٢٢کەس و کۆی گشتیی ژمارەی تووشبوان نزیکەی ٤٤٠هەزار کەسن.
ئامارەکان لە بارەی کۆرۆناوە لە ئێران لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام جێی دوودڵی بووە، پێش ئەمە ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی قوربانیەکانی بە دوو هێندە و ژمارەی تووشبووانیشی لە نێوان ٨تا١٠ هێندەی ئامار خەمڵاند.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند، کە ٤هەزار و ٢٣کەس لە تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا کە لە دۆخێکی زۆر خراپدان، لە ژێر چاودێریە تایبەتییەکاندان و٢٤پارێزگا لە کۆی پارێزگاکانی ئێران لە دۆخی سووری پەتای کۆرۆنادان.