مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ڕێکارەکانی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوتوو بووە و بۆتە هۆی دەست پێڕانەگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە سامانێک کە نزیکەی ٧٠ میلیارد دۆلار بووە.
ناوبراو گوتوویەتی، کاتێک کە سەرۆک ترامپ چووتە ناو کۆشکی سپی، ڕیژیم ئێران لە ئان و ساتی دەستگەیشتن بە چەکی ناوکی بووە و ڕووداوی لەم چەشنەش بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان جێگای قبووڵ کردن نیە.
هەروەها پۆمپێئۆ گوتی، ترامپ لە سێ ساڵ و چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی داوە چوارچێوە گۆڕانکارییەکان بگۆڕێت و دەستگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە پارە، دارایی و توانایی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی لێ ببڕێت.
وڵاتە یەکگرتووەکان نزیکەی مانگێک لەمەوپێش هەوڵیان دا کە بڕیارنامەیەک بە ڕەزامەندیی شوورای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند بکەن بۆ ئەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی ئێران کە ٢٧ڕەزبەری ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت، نوێ بکرێتەوە، بەڵام ١٣ئەندام لە ١٥شوورای ئاسایش لەگەڵ ئەمریکا هاورا نەبوون.
لە درێژەی ئەوەدا بوو کە واشینگتۆن ڕایگەیاند کە مکانیزمی ماشە بۆ گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە دژ بە ئێرانی کارا کردوە.
وەزیری کاروباری دەرەی ئەمریکا بە راشکاوی وتی: ئێمە دەزانین کە بەرجام بۆتە هۆکارێک کە ڕێژیمی ئێران بتوانێت گۆڕەپانی تێرۆری خۆی درێژە پێ بدات،لەبەرئەوەی پارە و داهاتەکانیان لەو ڕیگەیەوە دابین دەکرێت، بەڵام هیوادارین کە ئورووپاییەکان هەست بەو مەترسییانە بکەن.
ناوبراو لە درێژەدا گوتی:ئەمریکا لە سێ ساڵی ڕابردوودا چالاکیەکانی دژ بە ئێرانی ڕێبەری کردوە زۆریش تێیدا سەرکەوتوو بووە، بارودۆخی ڕێژیمی لە ئێستادا باش نیە، پێموایە کە رێژەی ئەو سامانەی کە ئێران لیی بێبەری بووە نزیکەی ٧٠میلیارد دۆلارە، ئەوە ڕێژەیەکە کە ڕێژیمی ئاخوندە گەندەلەکان لە دەست پێگەیشتن پێی بێبەری بووە.