بەرپرسێکی سپای پاسداران دەڵێ: دەمانتوانی لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینیەکە بڵێن لە لایەن ئێمەوە هێچ هەڵەیەک نەبووە و کاری دوژمن بووە.
محەممەد ڕەزا نەقدی، جێگری پلان دانانی سپای پاسداران لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنی کاناڵی ٣ی ڕێژیم لە سەرخستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە هۆی پەدافەندی ئاسمانی سپای پاسدارانەوە دەڵێ: هۆکاری زۆر هەبوون کە ئێمە دەمانتوانی خوی پێ هەڵواسین و بڵێین ئێمە هیچ هەڵەیەکمان نەکردووە و دژبەرانی ئێران شەڕی ئیلێکترونیکیمان لە گەڵ دەکەن و ڕاستییەکانمان چەواشە کردایە.
نەقدی بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان دەیهەوێت، ڕوخساری ڕێژیمی گەندەڵ و دژە مرۆڤی ئێران جوان نیشان بدا.
ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆ دەبێ سپای پاسدارن هێندە پارەی لە بەردەستدا بێ و وڵامی هێچ ئورگان و لایەنێک ناداتەوە دەڵێ: لە هەموو وڵاتانی جیهان ئەرتەش ئابووریەکی بەهێزی لە بەردەستدایە، لە ئێرانیشدا بەشی تاقەت پڕۆکێنی ئاوەدان کردنەوە لە ئەستۆی سپای پاسداران دایە و ئەگەریش ئابووریەکەی بە هێز بێت، کەس جیاواز لە ڕێبەری باڵای نیزام ناتوانێت لێپرسینەوە بکات لە سپای پاسداران.
جێگای ئاماژەیە کە فڕۆکەی مەدەنیی ٧٣٧ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئوکراین، کە ڕۆژی چوارشەممە١٨ی بەفرانباری٩٨ی هەتاوی دوای هەستانەوە لە فڕۆکەخانی نێونەتەوەی خومەینی لە تاران، بە هۆی لێدانی دوو مووشەک لە لایەن پەدافەندی ئاسمانی سپای پاسدارانەوە کەوتە خوارەوە و ١٧٦ موسافیرەکەی کوژران، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دوای سێ رۆژ شاردنەوەی ڕاستییەکان و بە هۆی گوشاری نێونەتەوەییەوە دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی” هەڵە”وە ئەو فڕۆکەیان خستوەتە خوارەوە کەچی تا ئێستاش نەداوای لێبوردنێک لە خەڵک کراوە و نە قەرەبووی کوژراوان کراوەتەوە.
شایانی باسە کە ئەم قسانەی نەقدی لە حاڵیکدایە کە بە پێی هەموو ئەو بەڵگانەی کە کۆکراونەتەوە و لە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرچووە کە ڕاستییەکان بشارێتەوە ئەو مووشەکانە بە ئەنقەست و بە مەبەست لە فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان داوە و ئەو ڕێژیمە ئامادەیە بۆ مانەوەی خۆی هەموو یاسا و ڕێسا نێونەتەوەیی و مرۆییەکان پێشێل بکا و کردوویە.