بە پێی هەواڵی چاونیوز،کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی لە خەلکی شەش ئاوایی ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کردووە کە دەبێ گوندەکەیان چۆل بکەن. هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو گوندانە لە ناوچەی سنووری هەڵکەوتوونە و ڕێژیمی ئێران هیچ کات متمانەی بە خەڵکی کوردستان نەبووە و لە هاوکاری خەڵکی نیشتمانپەروەری گوندەکان و پێشمەرگە دەترسێ و پێوایە بە چۆڵکردنی ئەو گوندانە دەتوانێ ڕێگری لە چوونەوەی پێشمەرگە بۆ ناو خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکا و بەردەوام هەوڵی میلیتاریزە کردن و گوڕینی دێموگرافیای کوردستانی داوە و دەیدا.
شایانی باسە کە ئەو هەوڵەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە هێزی سەرەکی پێشمەرگە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو شارو گوندەکانی کوردستان و لە قووڵایی دڵی خەڵکەکەیدایە و سەرەڕای هەوڵی دەیانساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو پێوەندییانە بەردەوام پەرەدەستێنێ و لە لوڕستانەوە تا ماکۆ هێزی خەڵک و پێشمەرگە یەکدڵ و هاوئاهەنگ بەرەنگاری پیلانەکانی دوژمن دەبنەوە و ڕۆژێک کۆشکی داگیرکەر تێکدەشکێنن.
بەپێی زانیارییەکانی چاونیوز لە سەرچاوەی جێ باوەڕی ناوخۆ، هێزە نیزامییەکان دەیانهەوێ کە ڕادەیەکی زۆرتر لە ئاواییەکان چۆل بکرێن بەڵام لە کاتی ئێستادا ئەو شەش ئاواییە بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە، کە بریتین لە:
ئاشکانی خوارێ،کاگێ،هەرزنێ. تەهێت، گۆڕەشێر،نۆکان
جێگای ئاماژەیە کە، هەتا ئێستا خەڵکی ئەو ئاواییانە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوونە کە شوێنی ژیان و ماڵ و حاڵیان چۆل بکەن.











