دوای ئەوەی کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لە حەفتاوپێنجەمین دانیشتنی کۆمەڵگەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەشێوەی ئانلاین قسەی کرد، کێلی کرێفت نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: قسەکانی ڕۆحانی شاکاری درۆ بوو.
کرێفت لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر نوسیویەتی: ڕۆحانی ئاماژەی بە لەژێر پێنانی ئاشکرای یاساکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و بە دڵنیاییشەوە گاڵتەی نەدەکرد، ئێران گرینگترین پاڵپشتی تێرۆریزمە لە جیهاندا و لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شەڕ و ئاژاوەی درووست کردوە.
ڕۆحانی لە قسە تۆمارکراوەکانی بۆ کۆمەڵگەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەنگاوەکانی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی خۆی دەربڕی.
مۆرگان ئۆرتگاس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش لە تویتێری خۆی نووسیویەتی: حەسەن ڕۆحانی بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئێران پشتیوانی لە ئاشتی و ئارامی کردوە و بەرەنگاری تێرۆریزم بووەتەوە. خۆزگە ئەم قسانە هەمووی راست بان.
ناوبراو گوتی، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ئێستا، ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ١٦میلیارد دۆلاری بۆ کۆمپانیا و گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە خۆی هەناردە کردوە. ئەم پارەیە لە ئێران دزراوە و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی ئەو ولاتە.
ئۆرتگاس گوتی: سەردەمی باڵادەستی و خۆبە گەورە زانین، کە ڕۆحانی باسی دەکات بەسەر چووە. بۆچی ئێران هێز و گرووپەکانی خۆی لە عێراق ناباتە دەرەوە و لە هەوڵەکانی بۆ باڵادەستی بەسەر لوبناندا لە ڕێگەی حیزبوڵاوە، واز ناهێنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە: گەمارۆکانی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریسم، بەرنامەی ناوکی و ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی کە زوڵم لە خەڵکی ئێران دەکەن، کراونەتە ئامانج، نەک هاوکاری و بازرگانیی مرۆڤدۆستانە.
ئەمریکا تەنانەت پێشنیاری کرد کە لە ڕووبەڕوو بوونەوە بە پەتای کۆرۆنا ئامادەیە هاوکاری خەڵکی ئێران بکات، بەڵام ئاخوندەکانی ئێران ئەم پێشنیارەی ئێمەیان رەت کردەوە.