سێ ولاتی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی بەندکراوانی سیاسی و هەروەها دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی خاوەن ڕەگەزنامەی دوو وڵاتن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، باڵویزی ڕێژیمیان لەم سێ ولاتە بانگهێشت کردوە.
ڕۆژنامەی گاردین ڕایگەیاند کە لاپەڕەیەک لە نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا کە بۆ حەمید بەعیدینژاد، باڵوێزی ڕێژیم لە لەندەنی ناردبوو سیاسەتی دەستبەسەر کردنە نائاسایی و نا یاساییەکان لە ئێران کەوتە بەر ڕەخنە و ئاماژە بەوە کراوە ئەم بابەتە بە شیوەیەکی جیددی پێگەی نێودەوڵەتی ئەم وڵاتە بێهێز دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردین، هەر لە ماوەی ئەم حەفتەدا، بەهرام قاسمی و مەحموود فەرازەندە، باڵویزەکانی ڕێژیم لە پاریس و بەرلینیش بانگهێشت کراون و ڕەخنەگەلی هاوشێوەیان لێ گیراوە.
لە نامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بۆ باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی ناردووە، هاوکات لە گەڵ ڕەخنە گرتن لە دۆخی مافی مرۆڤ و بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، ئاماژەی بەوە کردوە کە هاووڵاتییانی بریتانیا بۆ نموونە ئەو کەسانەی خاوەنی دوو ڕەگەزنامەی دوو ولاتن، زۆرینەیان لە دۆخێکی سەختدان و بە بێ هیچ پاساوێک لە بەندیخانەکانی ئەو ولاتە ڕاگیراون.
شایانی باسە کە لەم ڕاگەیەندراوە هاودەنگەدا، ئاماژە بە گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ڕاگەیاندنەکان و ناوەندەکانی فەرهەنگی ناوخۆی ئێرانیش کراوە.
ئەم هەنگاوە لە لایەکەوە لە دژکردەوە بە زۆربوونی گوشاری هێزە ئەمنیەکانی سپای پاسداران بۆ سەر نازەنین زاغەری، هاووڵاتی ئێرانی – بریتانیاییە، کە بە تۆمەتی سیخوڕی سزای بەندکردن لە ماڵەوە {حبس خانگی}ی بەسەردا سەپاوە.