ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەناوی عومەر شێخەپوور نستانی لە ئاوایی نستانی سەر بە شاری ڕەبەت کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوێنێ چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی کاک “عومەر شێخەپوور نستانی” لە ئاوایی نستانی سەر بە شاری ڕەبەت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک عومەرلە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران تێکەڵ بە شۆڕشی ڕزگاری خوازی کورد بوو و وەک پێشمەرگە لە ڕیزی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێراندا تێکۆشانی دەست پێکرد.
کاک عومەر لە چەندین داستانی پڕلە حەماسە و قارەمانانەدا بەشداری چالاکانەی کردووە، یەکێک لەو داستانە پڕ لە سەروەریانە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەشەھید بوونی شەھید محەمەد قادرزادە نستانی کە حیزبی دێموکرات و سازمانی خەبات لە حەماسەیێکی ھاوبەشدا داستانێکی بێ وێنەیان تۆمار کرد و لەوشەڕەدا کاک عومەر زۆر بە تووندی بریندا بوو تا کۆتایی تەمەنی وەکوو کەم ئەندام مایەوە
شایانی باسە کە ناوبراو لەم ساڵانەی دواییدا وەکوو ئەندامی نهێنی حیزبی دێموکرات درێژەی بە ژیانی سیاسیی خۆی دەدا و تا کاتی کۆچی دوایی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزب و گەل مایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە برایەکی دیکەی کاک عومەر بە ناوی محەممەد ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و لە دەرەوەی وڵات دەژی.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزم و کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی کاک عومەر، بە تایبەت هاوڕێ خۆشەویستمان کاک محەممەد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.