ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە هەمبەر ئەگەری لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسیی کورد ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
بەپێێ راپۆڕتی چاونیوز، لەو ڕاگەیەندراوەدا، هاتووە: “حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٤٧ ساڵ، لە ئەگەری ئێعدامدایە، بەرپرسانی ئیتلاعات، دادستانی وئەندامانی دەستەی دادوەری، دادگاییەکی نادادپەروەرانەیان لە پەروەندەی ناوبراودا بەڕێوە بردووە و مافی ئەو زیندانییە سیاسییەیان بە تەواوەتی پێشێل کردووە.
شایانی باسە کە دادگای شۆڕشی شاری سنە، سەرەڕای ئەوەیکە لە بڕیاری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە حەیدەر قوربانی هیچ کات چەکدار نەبووە، بەڵام ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی “شەڕی چەکدارانەی دژی ڕێژیم” بە ئێعدام مەحکووم کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بانگەوازەدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دادگا بە پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان و مافی مرۆڤ پشتی بە “دانپێدانان” لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، بە بێ ئامادەبوونی پارێزەر بەستووە،
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هەروەها لە درێژەدا، ڕایگەیاندووە: “سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم دەبێت دەسبەجێ بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی ڕابگرێت و وێڕای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدام،لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێ.
جێگای ئاماژەیە بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە دژکردەوەیەکدا، سەبارەت دەنگدانەوەی بەربڵاوی هەواڵی پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ئێعدامی حەیدەر قوربانی لە دیوانی باڵای وڵات لە میدیاکان، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کردووە.