مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی ئایینی و دزسالارە کە مەترسی زۆر گەورەی بۆ جیهانی مرۆڤایەتی درووست کردوە. ئەمریکا ئیزن نادات کە ئەوانە بە قاچاخی چەکوچۆل، ئەم مەترسیە گەورەیە پەرە پێبدەن
ئێمە لە ڕێککەوتننامەی ٢٢٣١ی شوورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کەڵک وەردەگرین و لە هەموو هێز و توانایەکمان بۆ دڵنیایی لە جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆیانە کەڵک وەردەگرین و هۆشداریشمان داوەتە هەموو وڵاتانی جیهان کە پێبەندی ئەم گەمارۆیانە بن.
مایک پۆمپێئۆ کە لەگەڵ تلویزیۆنی “بیلد”ی ئاڵمان وتووێژی کرد، گوتی: ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی درێژەدانی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە هەموو جیهاندا بەرنامەی درێژخایەنی هەیە و مەترسیدارە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هەموو جیهان بێجگە لە وڵاتانی چین و رووسیە لە مەترسیداربوونی ڕێژیمی ئێران و ئەویش بە چەکی کۆمەڵکوژ و مووشەکی دوورهاوێژەوە تێگەیشتوون.