دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی تەقینەوەیەک گوندی”عین قانا” هەڵکەوتوو لە ناوچەی ئەلتفاح لە باشووری لوبنان، یەکێک لە ناوەندەکانی میلیشیاکانی حیزبوڵای هەژاند.
بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دوای ڕوودانی تەقینەوەکە کە تا ئێستاش هۆکارەکەی ناڕوونە، هێزەکانی ئاسایش ئەو ناوچەیانە گەمارۆ داوەو ئیزن بە کەس نادەن لە شوێنەکە نزیک بکەونەوە.
بەرپرسێکی ئاسایش بە ڕویتێرزی ڕاگەیاند: کەتەقینەوەکە لە کۆگای چەک و تەقەمەنی میلیشیاکانی حیزبوڵا لە ئاکامی کێشەیەکی تێکنیکی ڕوویداوە.
هەواڵدەری ئەلعەرەبیە جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەم تەقینەوەیە لە ناوەندێکی میلیشیاکانی حیزبوڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران کە کۆگای چەک و تەقەمەنی و ناوەندی بەرهەمهێنانی بەستەی تەقینەوە بووە ڕوویداوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، تەقینەوەکە زۆر گەورە بووە بە جۆرێک کە دەنگی تەقینەوەکە لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی”سەیدا” لە باشووری لوبنان بیستراوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی ئاسایش لەم تەقینەوەیەدا چەندین کەس بریندار بوون.
ئەم تەقینەوە گوماناویە لە کاتێکدایە کە لە دەرەوەو نێوخۆی لوبنان میلیشیاکانی حیزبوڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە لە تەقینەوەکەی مانگی ڕابردووی بەندەری بەیروت دا دەستی هەبووە.
هەروەها ڕاپۆرتێکی زۆر لە سەر کۆگاکردنی نیتراتی ئامۆنیۆم لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی بە مەبەستی کردەوەی تێرۆریستی لە ئارادایە.