هاوڵاتییەکی خەڵکی ئاوایی سەرۆکانێ ناوچەی پیرانشار بە ناوی جەعفەر حەسەن زادە بە هۆی ئەشکەنجەی ئیتلاعاتی رێژیم لەو شارە و پیڕانەگەیشتنی پزیشکی دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ماوەیەک لەمەوبەر و لە کاتی دەسبەسەر کردنی جەعفەر حەسەن زادە خەڵکی ئاوایی سەروکانێ سەر بەشاری پیرانشار هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە ناوبراو ئەشکەنجە دەکەن و بەو هۆیەوە سەری جەعفەر بە سەختیی بریندار دەبێ کە سەرەڕای ئەوەش بۆ بەندیخانەی ورمێ دەگوازرێتەوە و پاش ماوەیەکی دیکە کە بە هۆی سەختی برینەکانییەوە بێهۆش دەبێ و دەچێتە کۆماوە، لە ژێر چاودێری ئیتلاعاتدا دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی ورمێ و لە نەخۆشخانەش بە هۆی پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە تووشی ئازاری گورچیلە و نەخۆشیی پێستیی دەبێ و ئێستاش دۆخی گشتیی تەندروستیی ناوبراو خراپ و ناجێگیرە و گیانی لە مەترسیدایە.
شایانی باسە کە کەسوکاری ناوبراوداوا لە هەموو ڕێکخراو و ناوەندە کانی مافی مرۆڤ ومرۆڤدۆستانی کورد، ئێرانی و جیهانی دەکەن کە بە هانای جەعفەر حەسەنزادەوە بچن و ئیزن نەدەن کۆماری ئیسلامیی ئێران پیلانە چەپەڵەکانی بە ئاسانی لەسەر لاوانی کورد جێبەجێ بکا.











