بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاری “بەیان” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی لێکراوە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا “ئەمیر پیادە”، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی زمانی کوردیی “بەیان” پێنج جار بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری بۆکان بانگهێشت کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنییەوە ئەو چالاکە مەدەنییەیان بانگهێشت کردووە و هەر جار بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکردووە
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: “بانگهێشتکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە پێوەندیی بە چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگی و گەورەبوونەوەی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیانەوە هەیە”
شایانی باسە کە لە ئێستادا فێرگەی بەیان” لە گەورەترین و بەربڵاوترین ناوەندە فەرهەنگییەکانە کە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی لقە و لە بواری فێرکردنی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی، بە هاوکاری دڵسۆزانی نیشتماندۆست بە شێوازی خۆبەخشانە چالاکی دەکا.