ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا، گروپی دۆستایەتی گەلی کورد کە لە لایەن ١٦ پەرلەمانتار لە حزبە جیاوازەکانی فینلاندەوە دامەزراوە، بە فەرمی ڕاگەیێندرا. ئامانجی سەرەکیی گروپەکە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ئەندامانی پەرلەمان و لایەنەکانی کوردیە بۆ زیاتر شارەزابوون لەسەر بارودۆخی کورد و کۆکردنی زانیاری لەسەر مێژوو و بارودۆخی نەتەوەی کورد.
” یۆهان کڤارنسترۆم” لە پارتی سۆشیال دێمۆکراتی فینلاند کە وەک سەرۆکی گرۆپەکە هەڵبژێردراوە، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دامەزراندی ئەم گروپە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە جێگەی شانازییە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان بایەخیان بەم کارە داوە.
لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەڤانیدا, کڤارنسترۆم نووسیوە کە کورد نەتەوەیەکی گەورەیە کە بە درێژایی مێژوو بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و چەوسێندراوەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە دەوڵەتی خۆی نیە پێویستیمان بە پێوەندی و کاری هاوبەشی چڕ و پڕتر هەیە لە گەڵ کوردەکان و هیوای خواست کە بە یارمەتیی ئەو گرووپە زانیاریی زۆرتر لە بارودۆخی کوردستان و مێژووی کورد وەدەست بێنین.
کڤارنسترۆم ڕایگەیاند کە گرووپەکەیان باوەشی ئاوەڵایە بۆ وەرگرتنی لایەنەکان و دەیانەوێت پێوەندیی پتەویان لە لە گەڵ پرەسەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ هەبێت.
لە لای ترەوە “سارا-سۆفیا سیرێن” لە پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانی (کۆکۆموس) کە وەک جێگری سەرۆکی ئەم گروپە هەڵبژێردراوە، خۆشحاڵیی خۆی دووپاتکردەوە کە دووای چەندین ساڵ پەیوەندیی لە گەل کۆمەڵگای کوردی لە فینلاند، ئەم دەرفەتە بۆی ڕەخساوە کە بتوانێت باشتر لە گەل نەتەوەیی کورد ئاشنا بێت.