ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، بەڵینەکانی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران و کوریای باکوور کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان جێبەجێکرد.
دان برویلت وەزیری وزەی ئەمریکا، لە دانیشتنی شورای گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە بروکسێل دەڵێ: ڕابردووی ڕێژیمی ئێران وەکوو گەورەترین پشتیوانی تێرۆریسم تۆقێنەرە و ئەم وڵاتە لە پێوەندیی لە گەڵ هاوکاری کردنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە پێشینەیەکی چاکی نیە.
وڵاتانی فەرانسە، ژاپۆن و ئالمان داوایان لە ڕیژیمی ئێران کرد کە کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی ناوکی بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکی” بەرجام”.
هەر لەو پێوەندییەدا “سوهەیل ئەلمەزروعی” وەزیری وزەی ئیمارات، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان داوای لە ڕیژیمی ئێران کرد کە هەموو بەڵێنییەکانی ڕێککەوتنی ناوکی خوی جێبەجێ بکا و هاوکاری تەواو لە گەڵ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بکا.