مافەکانی مرۆڤ چەمکێکە کە تەمەنی بە درێژایی ژیانی مرۆڤە. هەبوونی بەشێک لە مافەکان لەهەمبەر مرۆڤبوون، لە بەشی هەرەزۆری ژیار و شارستانییەتەکان، ئایدیا و باوەڕە مێژووییەکاندا بەڕەسمی ناسراوە و لە چوارچێوەی پەروەردەی ئۆلی و کۆمەڵایەتی (دەسەڵات و هێز) ئاماژەیان پێ کراوە. بە چاوخشاندنێکی خێرا بە مێژوودا دەبینین زێدەڕۆییەکانی ئینسان زۆر جار ئەو مافانەی فەوتاندوە و لەبەرچاوی نەگرتوون، مرۆڤ بۆ دەسەڵات و هێز و مانەوەی خۆی، پێی ڕێ خشاندوە و تەپەیانی لێ هێناوە! لەئالییەکی دیکەوەش بەهۆی ئەو هەمووە ڕاڤە و بۆچوونانە، کانسێپتی مافەکانی مرۆڤ بۆتە هۆی مشتومڕ و باسوخواستێکی زۆر لەنێو کولتوور و باوەڕی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، هەربۆیە لەسەدەی سەردەم لەلایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانەوە هەوڵێکی زۆر دراوە کە ئەم یاسا و ڕێسایانە ڕێک بخرێنەوە و وەک یاسایەکی جیهانداگریان لێ بێ. هەرچۆنێک بێت هەتا ئێستا چەمک و پرسی مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک قۆناخ و چاخی بڕیوە و بۆ مانەوە، بەهێز بوون و بەرحەقبوونی خۆی هەوڵی داوە و تێکۆشاوە و بەدڵنیاییەوەش هەتا بۆی بڵوێ بەردەوام دەبێ. ڕۆژگارێک مافی مرۆڤ تەنیا بەمانای “مافی ژیان”(حق حیات) پێناسە دەکرا، ئێستا ئیتر لایەنی شاراوە و ئاشکرای ژیانی ئینسان وەک، یەکسانی و بەرامبەری ڕەگەزی، مافی فراژ (گەشە و پێشکەوتن)، مافی هەبوونی ژینگەیەکی پاقژ و خاوێن، مافی کاری شیاو و… لەخۆ دەگرێ و توێکڵی پێناسەی کلاسیکی خۆی هاویشتوە!
ڕەوتی گۆڕانی چەمکی مافەکانی مرۆڤ
هەتا ئێستا دەستەبەندی جۆربەجۆر لەمەڕ ڕەوتی گەشەی مافەکانی مرۆڤ کراوە کە گرینگترینیان دابەشکاریی دیرۆکی و بەپێی جیلەکانی مافی مرۆڤە. لەم بەشەدا چاو بەسەر ئەم ڕەوتانەدا دەخشێنین، چونکە زانیاری لەسەر چۆنیەتیی گووران، شەقڵ گرتن و گەشە و پەرەسەندنی، یارمەتیی باشمان دەکا هەتا باشتر لێی تێ بگەین.
دابەشکاریی دیرۆکی
١. لەسەرەتاوە هەتا دەسپێکی سەدەکانی نێوەڕاست
٢. لە سەرەتای سەدەکانی نێوەڕاست هەتا سەرهەڵدانی ڕێنسانس
٣. چاخی ڕێنسانس هەتا شۆرشی مەزنی فەڕانسە
٤. لە شۆڕشی فەرانسەوە هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم
٥. لە دەستپێکی سەدەی بیستەم هەتا ١٩٤٨
٦. لە ١٩٤٨ەوە هەتا ئێستا.
١. لەسەرەتاوە هەتا دەسپێکی سەدەکانی نێوەڕاست.
ئەم خولە درێژترین و لەهەمان کاتدا سەرەکیترین دەورانی مێژوو لەخۆ دەگرێ کە بە سەرەتای چاخی مرۆڤایەتیش ناسراوە. زۆرێک لە ڕەگ و بنجی مێژووی مافەکانی مرۆڤ لەم سەردەمەدا دەست پێ دەکا و دەگوورێ و، دەرکەوتن و خولقاندنی یەکەم دەستنووسەکانی مرۆڤ لە پەنا دەرخستنی پەروەردەی مافی مرۆڤی ئایینە خواییەکان لەم چاخەدا بەرچاو دەکەوێ.
وەک لە سەرچاوەکانی مێژوودا باس دەکرێ یەکەم کەس “حاموڕابی” خونکاری مەزنی بابیلۆنییەکان (١٧٩٢-١٧٥٠پ.ز) بوو کە لە ساڵی ١٧٣٠ی بەرلە زایین لە ٢٨٢ بڕگەدا یەکەم دەقی حقوقی و یاسایی نووسیوە. ئەم نووسراوەیە بە پێی ئەوەیکە لە چوراچێوەی دابودەستوور و ڕێسای دەسەڵات بەسەر پێوەندییە مرۆڤییەکان نووسراوە دەکرێ دەگەڵ مافەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ پێک بگرین. بەتایبەت لە ٦١٣ بڕگەی تایبەت بە لایەنی حقوقی و پشتیوان لە مافی مرۆڤ باسی کۆمەڵیک شت کراوە، کۆی گشتی ئەم یاسایانە بریتین لە ڕێساگەلێک بۆ پاراستنی مافی وەک بازرگانی، سامان و ماڵ، پیشە، کار، بنەماڵە و ئەشکەنجەی جەستەییە کە هەرکام لەوانە بە جیا باس دەکا. پێشگرتن بە چەوساندنەوەی ژن لەلایەن پیاو و مێتۆدی قەزایی تەکووزمەند و ورد لە تایبەتمەندییەکانی ئەم یاسایانەن، هەرچەند هەندێک لە زانایایی بواری مێژوو ڕەخنە لەم بۆچوونە دەگرن و پێیانوایە کە ئەمە مانۆڕێکی شاهانە بووە بۆ خۆنیشاندان و جیلوەی جوانی دەسەڵاتی ئەم خونکارەیە، بەڵام خۆ هەرنەبێ نووسینەوە و هێنانە بەرباسی ئەم پرسە لە کۆمەڵگەی چەند هەزار ساڵ پێش وەک کردەوەیەکی ناوازە سەیر دەکرێ و دەبێ باسی بکرێ.
دووهەم کەس بە ڕوانگەی ئایینییەوە باسی لە هەندێک ماف و ڕێسای تایبەت بە ژیان و بنەماڵە و کۆمەڵگە کردوە، هاڤی مووسا-یە. لە کۆتاییەکانی هەزارەی دووهەم (١١٥٠)، مووسا کە هەڵقولاوی کۆمەڵگەیەکی نەریتیی جوولەکە بوو، کۆمەڵێک یاسای لە دە برگە (دە فەرمان) بۆ خەڵکی خۆی نووسییەوە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێوەندییەکان و ژیانی کۆمەڵگە دانا. بەشێک لەو ڕێسایانەی هاڤی مووسا بریتین لەوەی: دزی مەکەن، شایەتیی بەدرۆ مەدەن، کەس مەکوژن، زینا مەکەن، چاوتان لە ماڵی کەس نەبێ و نامووسی هاوسێ بپارێزن، ڕێزی دایک و باوکان بگرن و … هەرچەند ئەم ڕێسایانە بە ڕوانگەی ئایینی هاتە نێو کۆمەڵگە، بەڵام بۆ پێشگرتن و ڕێزلێنان لە مافی مرۆڤ کاریگەری خۆی هەبووە.
سێهەم کەس کە دەگوترێ بە نووسینەوەی جاڕنامەیەک مێژووی بۆ خۆی و نەتەوەکەی تۆمار کردوە، کەسێک بووە بەناوی کوروش (سایرووس)، بەڵام بە هۆی ئەوەیکە شک و گومانی زۆر لەسەر ئەم بۆچوونە هەیە و چەواشەکاران مێژوویان بە قازانجی قەومێکی دیار شێواندوە، ئێمە خۆ لەو باسە کە قسەی زۆر لەسەرە دەبوێرین.