لێرەوە لە یەکێک لە سەنگەرەکانی دێموکراتەوە
پاش دووساڵ لە هەڵگرتنی کۆڵەخەمی ناخهەژێنی ١٧ی خەرمانان و تاسەباری یادی یارانی شەهیدمان
هەر لە قەڵایەک
کە بووەتە مۆتەکەی سەر خەونی گەنیوی نەیاران،
پێکەوە لە قەراخی ڕووباری هاوڕێیەتی و،
لە تەنیشت تەشایی شایی بەخۆکردن و لە بناری فێنک و دڵڕفێنی کتێبخانەکەی قەڵادا
یادێک دەکەین لە سەرجەم هەڤاڵانی خەرمانانی شەهید و، شەهیدانی خەرمانان.
ئەم کتێبخانەی ئێمە وەکوو قارەمانەکانی ئێمە
هەر لە قارەمان و کتێبخانەی ئێمە دەچن!
بە قەت لاپەڕەی کتێبەکانی بریندار بووە و،
بە ئەژماری پەڕتووکەکانی تەپوتۆزی تۆپببارانی لەیادە و،
بە کۆڵێ کوێرەوەرییەوە گەیشتۆتە کەناری ئێستاکە…
ئێستاکە کە لە داوێنی سوکنایی بەخشی کتێبخانەدا
یادی خەرمانانی لێوڕێژ لە زام دەکەینەوە،
شۆڕشگێرانە زات دەکەین کە بڵێین
حەددتان چییە لێتان بترسین و چیتر لە ئازادی نەخوێنین و نەنووسین!
لەم کتێبخانەیەدا
کتێب هەیە تووکی سەری وەکوو “حەسەنزادە” لە زایەڵەکوژراوی و دەربەدەریدا چەرمۆ کردوە
فەرهەنگێکی کوردایەتی تێدایە کە لە هەمبەر مانای جووڵانەوە، ناوی جەلیل گادانی دانراوە و
باوەڕتان بێ نامیلکەییەکی تێدایە کە هەر بەشێوەزاری “فەتاح کاویان” باسی سەخاوەت و سەربەرزی دەکا و،
کە لاپەڕەکانی هەڵدەدەیەوە، بەدەم پێشمەرگەوە پێدەکەنێ.
کتێب هەیە هێشتا بۆنی چایی بەیانیانی بناری بۆڵێ و قرمژنی فیشەکبارانی قەندیل و گەڵاڕێزانی خۆزگە ویستی “گەورەدێ”ی لە بیرە
پەڕتووک هەیە پڕیەتی لە پرمەی گریانی ژنانی دێموکرات و پەڵپ و بیانووی نەنووسراوی منداڵانی قەڵاسەیدە
کتێب هەیە، تامی زاری زانستی قاسملوو دەدا و دیوانە شێعری تێدایە وەکوو شەرەفکەندی موحتەڕەمە
لەگەڵ ئێوەمە دەوڵەتی بێوڵەتی “ئازادیی بەیان “!
لەم کتێبخانەیەدا تەنانەت نووسراوە بزمارڕێژەکەی ئێوەشمان هەیە
بۆ تیرۆری هزرو بنبڕکردنی چرۆی ئازادی نووسیوتانە
ئەوە ئێوەن کە دەلاقەی “کەرامەت” دەکوژن و
دەرگا لە ڕووی میوانی دیالۆگ دادەخەن و
بەرانبەر بە چووکەترین پرسیار چوولەکەش
دواێکتان هەیە، و پتکێکتان هەیە و ئەوپەڕەکەی بەندیخانە
خۆتان ئاسایی هەموو گیانتان بووەتە تەلبەندی سانسۆر
بە بیستنی بەیانی باش و کوردستان خوش و سروودی ئەی ڕەقیب
“دەماوەند”ی دەماری بەرزییتان پەست دەبێ
دەمارەکانی ئێوە خوێنی خوشەویستی هەڵناگری و
بە سەیر کردنی قامەتی قەڵای خۆڕاگرییمان قوڵنج دەکەن!
ئێمە بە دیتنی لووتکەی سەربەزری شاگەشکە و
ئێوە هەناسەبڕکێتانە!
لە کۆتاییدا
سڵاو بۆ ئەوانەی کۆڵانی مانگرتووی ٢١ی خەرمانانیان بە هەڵوێست نووسی
لاتاوێکیش لە ئێوە
لانیکەم لە خەرمانان لۆمەی کڵاشینکۆفەکەی ئێمە مەکەن!
با “سنە” سەری نەیشێ و با “قاڕنێ” لە قیزەونی کۆیلەتیدا نەڕشێتەوە و
با موکریان سەری خۆی هەڵنەگرێ و، دایکانی “منبەر”یش مەلوولتر نەبن.
ئێوە نازانن لە ترسی گیان، کەرامەت، سوخمەی شەرەف
باوەش بە کڵاشینکۆف کردن چ توقێنەرە؟
هەر نەبێ دەیان شوڕەسوار لە سەر قونداخەکەی
خەونی ئازادی و ڕوچنە و دیتنی “دایک”یان بینیوە!
با لەسەر دڵم نەبێتە گرێ
گلاراومە بۆ هەڵوەرینی کۆبوونەوەی پەرەپێدان بە ئازادی لە ١٧ی خەرمانان و
لە سەنگەری ویست و هەڵوێست و کتێبەوە
دەڵێین فەرموون: خۆ نامرن
لاپەڕەیەک لە کورتەباسی سەربەستیمان بخوێننەوە!
هەرلاپەڕەیەک
لاپەڕەیەک…