ئەوین ئەگەر لە کەللـەی ژن و پیاوی سەردەمی جارانی دەدا، دەبوون بە هاودەمی شێعر و فۆلکلۆر و کوڵی خەمی دڵی تاسەبار و ئەویندارییان پێ دادەمرکاند. شاعیران و گۆرانیبێژانیش کە هەتا ئەم دواییانە پیاوان بوون و یان شێعری پیاوان زیاتر چاپ و بڵاو دەکرایەوە، لەبەرڕا پێدا دەهاتن. لە پاینیەی قەیسیی هەڵوێنیەوە هەتا زولفی وەک ڕەشمار، بە ئەندامی لەشی ژنیان هەڵدەگوت و ئەندامانی لەشیان یەک بە یەک بە شتی دیکە دەشوبهاند. لێرەدا لە بەر “ضیق وقت” (کەمیی کات) تەنیا ئەماژە بە چەند خاڵێک لە خشتەی دوورودرێژی ئەم شوبهاندانە دەکەین. بۆ وێنە خاڵی گۆنایان دەکردە، مێش و دەیانفەرموو:
مێشی خاڵت نافڕێ، بەس باوەشێنی کە بە ناز/ چونکە پابەندە بە شەهدی ڕوومەتی زیباتەوە
یان قووڵکی بەرگەردنیان دەکردە حەوزی بە “چیم”ان و بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەمیان تێ دەنا و ئاویان لێوە دەخواردەوە:
هاتەوە یارم ناوی حەلیمە/ قوڵکێ بەرگەردنێی “حەوزی بە “چیم”ـە/حەوت بێنم لێ دا، هێشتا تینیمە
ساڵانی بەرێ، برۆی خانمان بێ دەستکاریکردن وەک بچووککراوەی هیلالی مانگ دەچوو و شاعیرانیش بۆ شوبهاندنی ئەبرۆ بە هیلال بەردەوام لە کێبڕكێدا بوون. “نالی” دەیگوت:
هەرکەسێ ڕووی تۆ دەبینێ، خۆی بە قوربانت دەکا
چونکە ئەبرۆی تۆ “هیلال”ی عەیدە، قوربانی دەوێ
ئەدیب هەموو ڕوخساری یاری بە مانگ دەشوبهاند و دەیگوت:
دڵئاراما! “هیلال”ی نەو بەدیدارت موبارەک بێ
بە دیدارت مەهی وەک مە گرفتارت موبارەک بێ
بە هاتن و دەرکەوتنی جەنابی حەزرەتی ئینترنێت و موبایلی زیرەک و ئەپڵیکەیشن و مەپڵیکەیشن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەودای نیوان دڵدارانیش ئەوەندە کەم بووەتەوە، ئیدی پێویست بەم شوبهاندنە ناکا و ئاخری وای لێ هات دڵداران لە جیات بەیتوباوی دڵدارانە دەتوانن لەژێر پێخەفدا بە دەنگ و ڕەنگ دەگەڵ یەکتر تێکەڵ بن. دیارە هەتا ئێستا من شتی وام بە چاوی خۆم نەدیتووە و هەر شک و گومانی خۆمە. دیار منیش “شکی خۆم بە یەقینی کەسانی دیکە نادەم.”
لە وەها دۆخێکدا کەس بیر لە هیلالی یەکشەوە ناکاتەوە و کیژانیش حەز ناکەن برۆیان وەک هیلال بێت و زیاتر برۆکانیان بە تاتۆ و ماتۆ وەک کلکی ڕەپکراوی بێچووماسییە وردەکان لێ دەکەن و ئەمسەر و ئەوسەریان وەک درێژووکەی “دومارەکوڵە”ی تووڕە بەرز دەکەنەوە. دیارە ئەم دووپشکئاساکردنەی برۆی خانمان هەستی هیلالپارێزانی بەرەو سیاسەت ورووژاند و بیریان لەوە کردەوە کاتێک هیلال لەسەر لاجانگی ژنی شۆخ و شەنگ بار دەکا، پێویستە هاوشێوەکەی لەسەر گۆی زەوەی دروست بکرێ. بۆ ئەم مەبەستەش جوغرافیای خۆرهەڵاتی ناوینیان هەڵبژارد. خۆرهەڵاتی ناوین دڵی جوغرافیای سیاسی و ئابووریی جیهانە و کانگای سەرەکیی سەرهەڵدانی ئایین و ئایینزای گەورە گەورە و زنەترین شوێنی هەڵقوڵێنی بەلێشاوی نەوتی جیهانه. هەر بەم دوو هۆیەوە بووەتە مەیدانی ململانێی هەموو لایەک. لە ئەمریکای ئەوپەڕی ئاوە زۆرەکان و ئەورووپای هێروەترەوە هەتا دەگاتە چین و ماچینێ، خەریکی هەڵشێلانی ئەم زنە نەوتانە و ئایینە تێکبەزیوانەن.
لە وەها بارودۆخێکدا هاوکات لەگەڵ گۆڕینی شێوازی برۆی خانمان لە برۆی شێوە هیلالی بۆ شێوەی دووپشكی کلکڕەپ، دەسەڵاتدارانی خاوەنی وڵاتە شێوە پشیلەکە، هەوڵیان دا نەخشەپشیلە بکەنە هیلال و بە خاکی عێراق و سوریا و لوبناندا جەمسەرێکی بگەیننە سەر دەریای نێوەڕاست.
سەرەتای دروستكردنی ئەم هیلالە ئەوانەی بیرۆکەکەیان دانابوو، لە خۆشیان لالغاوەیان گەیشتە بناگوێیان و بەڕووی دۆست و دوژمندا گڕ بوونەوە. گڕبوونەوەکەش لە بەر ئەوەبوو وەک زۆربەی سیاسەتچیان بە شێوازی سروشتی پێکەنینیان نەدەهات.
ئەوەندی پێ نەچوو جەماعەتی جوولەکەش گەڵاڵەی هیلالێیان بە بەرزگی هیلالەکەی ئەواندا داڕشت و بێ ئەوەی لەشکری فاتمیوون و زەینەبیون و “مدافعانی حەرەم “بخەنە کار، بە سواری فڕۆکە گەیشتنە “ئیمارات” و “بەحرێن” و جەمسەری هیلاکەی خۆیان هەتا بن گوانی پشیلە دانا و ڕوانینی جیهانیان لەسەر دوو هیلالی تێکبەزیو چڕ کردەوە. دوای ئەم کارەساتە شیری پشیلەکە بەتەواوی وشکی دەکات. تڵپاتی تەڕی دەگواناندا نامێنێ و بێچووکانی لە نێو هیلالی گۆرین قڕ دەبن و بەشێ ئێمەش نزا و پاڕاەنەوە و دروشم دانە:
نزایەکی گەنجانە: کوڕانی گەنج لە خوا دەپاڕێنەوە دوای شێوانی هیلالی ئەبرۆی خانمان و بەزایە چوونی ڕەنجی شاعێران و هونەرمەندان بۆ شوبهاندنەکە، هەرچی هیلالە سەر نەگرێ.
مزگێنییەکی ترامپانە: پێنج وڵاتی دیکەش خۆیان دەخەنە سەر هیلالی جوولەکە.
دروشمێکی هاندەرانە: “ای لشکر صاحب زمان آماده باش آمادە باش، بهر نبرد بی امان آماده باش آماده باش”…