ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵیادی شەڕی ئێران و عێڕاقدا گوتی کاری باشمان کرد بڕیارنامەی ٥٩٨ـمان ئیمزا کرد و جامە ژەهرەکەمان خواردەوە. خامنەیی دانی بەوە دانا کە “ملدانی ئێران بە کۆتایی هێنانی شەڕ لەگەڵ عێڕاق لە ڕووی ناچاری بووە، ئەگەرچی ئەم شەڕە بەرەکەتێکی زۆری بەسەر ئێراندا ڕژاند”.
لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە نێعمەتی خودا و بەرەکەت ناوی دەبەن، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە ئیران کوژران و پتر لە ٧٠٠ هەزار کەسیش بریندار بوون. هەروەها بەپێی بەراوردی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم شەڕە زیاتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلار زیانی ئابووریی بۆ ئێران هەبوو.
لەلایەکی دیکەوە شەڕ لەگەڵ عێراق کە لە سۆنگەی پێداگریی خومەینییەوە بۆ ماوەی ٨ ساڵ درێژ کرایەوە، بوو بە هۆی بنچداکوتانی نیزامی سیاسی و ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی و سەرهەڵدانێکی بنیاتێکی وەک سپای پاسداران کە لە ئیستادا دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئەمنیەتیی ئێراندا داگرتوە.
داناننی خامنەیی بە عاقڵانە بوونی خواردنەوەی جامی ژارەکە و پێداگریی لەسەر باشییەکانی ئەم شەڕە لە کاتێکدایە کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەم ئەگەری ناچار بوونی ڕێژیم بە ژارخواردنەوەیەکی دیکە لە ئارادایە و هەم شەڕێکی دیکەش.