دوای ئیمارات و بەحرەین ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان سوودان و ئیسرائیل بەڕێوەیە
نوێنەرانی سێ وڵات ئەمریکا، ئیمارات و سوودان بە تایبەتی دووبەرپرسی ئەمریکایی و ئیماراتی لە ڕێککەوتنی ئاشتی پێشوو، ڕۆژی دووشەممە لە پێوەندی لە گەڵ ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەیی پەیوەندییەکان لە نێوان سوودان و ئیسرائیل کۆبوونەوەیەک بەرێوەدەبەن.
باراک ڕاوید، ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا لە کاناڵی هەواڵی” ئاکسیوس” لە دانیشتنی چارەنووسساز لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پەیوەندی لە گەڵ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوودان و ئیسرائیل دەڵێ: ئەگەر ئەمریکا وئیمارات داواکارییەکانی سوودان بۆ هاوکاری ئابووری جێبەجێ بکەن بە ئەگەری زۆر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سوودان و ئیسرائیل دەگەن بە ڕێککەوتنی ئاشتی.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لەم دانیشتنەدا کە ڕۆژی دووشەممە٣١ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی لە ئەبووزەبی بەڕێوەدەچێ میگێل کورێئا، بەرپرسی باڵای شورای ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی بۆ کاروباری کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بە نوێنەرایەتی ئەمریکا بەشدار دەبێ، میگێل پێشتر دەورێکی زۆرباشی هەبوو لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.
هەروەها شێخ تەحنون، ڕاویژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات بە نوێنەرایەتی ئیمارات لەم دانیشتنەدا بەشدارە و میوانداری لە سوودان و ئیسرائیل دەکەن بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی و دوونوێنەری سوودان لە دانیشتنی ئەبووزەبی بە ناوەکانی عەبدوڵلا حەمدۆک، سەرۆک وەزیرانی سوودان و ناسرعەبدولبەری وەزیری دادی ئەو وڵاتە بەشدار دەبن.
بە وتەی سەرچاوەکانی سوودانی، ئەو وڵاتە لە هەمبەر ڕێککەوتنی ئاشتی و ئاسایایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئیسرائیل، داوای سێ ملیارد دۆلار بۆ یارمەتی مڕۆڤدۆستانە و یارمەتی ڕاستەوخۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتە دەکا.
هەروەها وڵاتی سوودان داوا لە ئەمریکا و ئیمارات دەکا کە گارانتی یارمەتی ئابووری بە سودان لە سێ ساڵی داهاتوودا بکەن.