هه‌یئه‌تێکی پێوه‌ندییه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له سۆئێد له پارلمانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێکی حیزبی سۆسیال دێموکڕات دیدار‌و چاوپێکه‌وتنی کرد.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، ١٩ی سه‌رماوه‌ز به‌شی پێوه‌ندییه سۆئێدییەکانی کومیتەی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له‌و وڵاته پێکهاتوو لە عەزیز سەیدنژادیان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کومیتەو موژدە عەزیزیو چنوور ئەکبەرپوور، ئه‌ندامانی کۆمیته له‌گه‌ڵ “یای ئاننا لێنا سۆرنسسۆن، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه كوردستانییه‌كانی حیزبی سۆسیال دێمۆكراتی سوئێد‌و مۆرتۆن لۆفبهری له به‌شی په‌یوه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی ئه‌و حیزبه، له پاڕڵمانی سوئێد كۆبوونه‌وه.
له سه‌ره‌تای ئه‌و دیداره‌دا باسێک له په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و سۆسیال دێمۆكراتهكانو زه‌رووره‌تی پته‌وتر كردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه كرا. له ته‌وه‌رو باسه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و دیداره‌دا لێكدانه‌وه‌یه‌كی بارودۆخی نێوخۆی ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دۆخی حیزبه كوردییه‌كان‌و به تایبه‌تی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و چالاكییه‌كانی له نێوخۆی کوردستان كرا. هه‌روه‌ها به‌ربه‌سته‌كانی سه‌ر ڕێگای چالاكیی زیاتری حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له ناوچه هاتنه به‌رباس.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی باسه‌كانی ئه‌و دیداره دۆخی په‌ناخوازانی سه‌ر به حیزبه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له سوئێد بوو که له‌و به‌شه‌دا هه‌یئه‌تی حیزب له سه‌ر پێویستیی ئاسانكاریی ده‌وڵه‌تی سۆئێد بۆ وه‌رگیرانیان له‌و وڵاته پێداگریی کرد.
هه‌یئه‌تی حیزب هه‌روه‌ها باسی له گرینگی پێدان به به‌ربڵاوتركردنی پێوه‌ندییه‌كان بۆ كه‌ڵک وه‌رگرتنی باشتر له ئیمكانات‌و تواناییه‌كانی هه‌ر دووك لا و، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش كرد كه نوێنه‌رانی حیزبی سۆسیال دێمۆكڕاتی سوێد پێشوازییان له‌و باس‌و پێشنیارانه كرد