بەدوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی پاشەکشەی کرد.
رۆژی یەکشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا گەڕانەوەی تەواوی گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.
ماڵپەری پۆنپاست کۆم” کە سەرنج لە بەهای نافەرمیی دۆلار لە بازاڕدا دەدا ئاشكرایکرد نرخی دۆلار بۆ ٢٧ هەزارو ٣٠٠ تمەن بەرزبۆوە لە کاتێکدا ڕۆژی پێشتر نرخی یەک دۆلار ٢٦هەزارو ٨٠٠ تمەن بووە
لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەهای تمەنی ئێرانی، نزیکەی ٤٩ لەسەدی کۆی بەهای خۆی لە بازاڕی جیهانیدا لەدەستداوە و بەردەوام لە پاشەکشەدایە
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاوەکەی ئەمریکای ڕەتکردەوە، بەڵام “ئانتۆنیۆ گۆتیرێس”، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: ناتوانێ هیچ رێوشوێنێک لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکادا بگرێتەبەر.
تاکە سێ لایەنی ئەوروپایی کە بەشدارن لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، واتە ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند هەر رێوشوێن و هەنگاوێک بۆ گێڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران ببێ یاساییە چونکە ئەمریکا خاڵێکی ناو رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکارهێناوە، بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.
رێککەوتنی ناوکی ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان ئێران و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی+ئاڵمان واژۆکراوە رێککەوتنەکە بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێراندا بۆ ئاستێک دادەبەزێنێ کە ئەو وڵاتە توانای دروستکردنی چەکی ناوکی نەبێ، لە بەرامبەردا سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران سووک دەبن.
ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا یەکلایەنە پاشەکشەی لە رێککەوتنەکە کرد و ڕایگەیاند رێژیم ئێران، پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنەکە نییە
سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە، لە رێگەی بڕیارێکی نوێیەوە، سزای ئەمریکا بەسەر هەر لایەنێکدا بسەپێنێ، کە سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران پێشێل بکا
مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوی ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی جیهان، ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا گێڕانەوەی سزاکان بۆ سەر ئەو وڵاتە جیهان دەخاتە ئاسایشێکی باشترەوە.