ئیسرائیل: چین و ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتنێکیان لە سەر چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تلفۆن واژۆکرد
کەناڵێکی هەواڵدەریی ئیسرائیل کە شارەزایی لە کاروباری نیزامی و کۆکردنەوەی زانیارییەکان هەیە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لەم دواییانەدا ڕێژیمی ئێران و چین ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردوە بە ناوی” هاوکاری زانیاری” بۆ چاودێری کردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران.
کەناڵی هەواڵی” ئیسرائیل دیفنێس” دەڵێ: لە چوار چێوەی ئەم رێککەوتنەدا ڕێژیمی ئیران و چین هاوڕان لە سەر ئەوەی کە ناوەندێک پێک بهێنن کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و لە رێگای تلفۆنەوە چاودێری خەڵک بکا و بیروڕای گشتی خەڵک لەم ڕێگایەوە بزانن.
هەروەها ئەم کاناڵە ڕایگەیاند کە دامەزراندنی وەها ناوەندێک دەبێتە گەورەترین ناوەندی کۆکردنەوەی زانیارییە سیاسییەکان بە دژی خەڵکی ئیران.
ڕێژیمی ئێران چەندین ساڵە لە هەوڵی ئەوە دایە کە بتوانێت لە تواناییەکانی وڵاتی چین کەڵک وەرگرێت بۆ ئەوەی دەست بگری بر سەر هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئیران و کۆکردنەوەی زانیاری لە ڕێگای چاودێری کردنی دژبەرانی حکوومەتەکەی و ئێستا بە ڕێککەوتنی لە گەڵ وڵاتی چین و کڕینی تەکنەلۆژیا لەو وڵاتە خەریکە نزیک دەبێتەوە لە ئامانجە گڵاوەکانی.
وڵاتی چین لە پێوەندی لە گەڵ سیخوڕیی ئینتێرنێتی و چاودێری کاروباری سایبێری یەکێک لە گەورەترین و کارامەترین وڵاتانی جیهانە و لەم پێوەندییەدا دەتوانێ قازانج بە ڕیژیمی ئیران بگەێنێت.
ئەمریکا ساڵی ڕابردوو گەمارۆی خستە سەر گەورەترین کۆمپانیای سایبێری وڵاتی چین و ڕایگەیاند کە ئەم کۆمپانیا لە ڕێگای تلفۆنی’ سێلولار” کە بەرهەمیان دێنێ چاودێری بە سەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لە هەموو جیهاندا دەکا.