بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان کە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری تەورێز ڕاگیرابوو، بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکی گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی “ئیسماعیل موستەخدێم” کە بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی تەورێز ڕاگیرابوو دوای گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، “ئیسماعیل موستەخدێم” بەهۆی درەنگ گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە گیانی لەدەست داوە.
ناوبراو ١٢ ساڵ لەوە پێش بەهۆی کوشتنی بەئەنقەست دەسبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، ناوبراو لە ماوەی ڕاگرتنی لە بەندیخانە تووشی شێرپەنجەی سییەکان ببوو.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی موستەخدێم” توانیبوویان کە ڕەزامەندیی بنەماڵەی قوربانییەکە وەرگرن و بڕیاربوو کە لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا ناوبراو لە بەندیخانە ئازاد بکرێ.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هیچ یاسایەکی تایبەت بە بەندکراوان لەبەر چاو ناگیردرێ و بەندکراوان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و لەوبارەوە هیچ کەس وەڵامدەر نییە ساڵانە بە دەیان کەس بەهۆی نەخۆشی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەکان گیانیان لە دەستدەدن.











