بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتێرز، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی بەحرەین ڕایگەیاند، پلانێکی گەورەی تێرۆریستیی سپای پاسدارانی لە وڵاتەکەی تێکشکاند.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەست و پێوەندیە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپێکدا بە ناوی،” یەکەی سەربازیی قاسم سلێمانی” پلانێکیان بۆ تەقینەوەی بەشێک لە دامەزراوەی گشتی و ئەمنیەتی لە بەحرەین، بێجگە لە تێرۆری ژمارەیەک کەسایەتی ئەم وڵاتە ئامادە کردبوو.
هێزەکانی ئاسایش دوای دۆزینەوەی کەرەستەی تەقینەوە لە شەقامی گشتیی لە ناوچەی بوودایا، کە لەلایەن تێرۆریستانەوە دانرابوو ئەم پلانەیان پووچەڵ کردەوە.
یەکێک لە تاوانبارەکان دانی بەوە دانا کە لە ئۆردووگاکانی حیزبوڵا لە عێراق دەورەی نیزامی بینیوە، ناوبراو دەڵێ چەندینجار کەرەستەی تەقینەوە و پارەم بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆریستیی وەر گرتوە، بەڵام یەکەم کردەوەم تەقینەوەیەک بوو لە بینایەک کە بەهۆی کێشەی فەنیی بۆمبێک کە قەرار بوو بتەقێتەوە، بێ ئاکام مایەوە.