ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەرجێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی قامکی دەستی سێ مێرمنداڵ لە بەندیخانەی ورمێ بەردەوامە.
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بەکار هێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە جێبەجێ کردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەی دەست بۆ ٤ بەند کراو بە تۆمەتی دزیکردن لە ورمێ نیگەرانی خۆیان دەربڕی و داوای راگرتنی ئەو حوکمەیان کردوە.
سێ کەس لەو بەند کراوانە کە مێر منداڵن بە ناوەکانی،هادی ڕۆستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند کە لە کەیسێکی هاوبەشدا و نزیکەی ٣٠ سکاڵای تایبەت بە تۆمەتی دزی کردن، بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەستیان حکوم دراون.
ئەم کەسانە لە ساڵەکانی ٩٤ و ٩٥ دەسبەسەر کراون و ئێستاش هەر لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێدا ڕاگیراون.
حوکمی ئەم کەسانە، پاییزی ساڵی ڕابردوو لە لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە منداڵ و مێرمنداڵی پارێزگای ورمێ دەرچوو و مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بۆ سەپاندنی حوکمەکە گەیشتە لقی ١٣ی دیوانی بەرزی وڵات.
تۆمەتباری چوارەم کەسرا کەرەمی هاووڵاتی خەڵکی کرماشان، ناوبراو چەند منداڵی هەیە و گوتوویەتی کە لە ڕووی نەداری و فەقرەوە ڕووی کردوەتە ئە تاوانە.
کەسرا کەرەمی مانگی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی لە لایەن پۆلیسی ئاگاهی لە شاری ورمێ دەسبەسەر کراوە و ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ورمێ بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی مەحکووم بوو و ئەم حوکمە پاش ماوەیەکی دیکە گەیشتە لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی ولات و لەوێ پەسەند کرا.











