فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا ڕووبە سەرۆک کۆماری ئەمریکا گوتی: هەرکەسێک لە ڕووداوی کوژرانی قاسم سلێمانی ڕۆڵی هەبوە، لێی دەدەین و ئەمە پەیامێکی زۆر جیددییە.
بە پیی ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، حوسێن سەلامی ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمێکی هاوبەشی فەرماندەیی گشتی سپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە کە ترامپ لە تۆڵە کردنەوەی ئێمە گومانی نەبێت چون مسۆگەر و جیددیە.
سەلامی لە درێژەدا گوتی، ئێمە دادوەرانە تۆڵە دەکەینەوە و هەر بەم هۆکارە بوو کە لە سەربازگەی “عەینول ئەسەد” سەربازەکانی ئەمریکامان نەکردە ئامانج.
ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە کەسانێک دەکەینە ئامانج کە دەستی لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا هەبووبێ.
حوسێن سەلامی لە کۆتاییدا گوتی؛ ئەم هەڕەشانە جیددین و شەڕی گوفتاری ناکەین و هەموو شتێک دەبەینە گۆڕەپانی کردار.
شایانی باسە، قاسم سلێمانی لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی شوورای حەشدی شەعبیی عێراق، چەند مانگ لەمەوپێش لە دەورووبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە ئاکامی هێرشێکی پەهپادی ئەمریکا کوژران.
دۆنالد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، ناوبراوی بە تێرۆریستی ژمارە یەکی جیهان ناساند، راستەوخۆ خۆی دەستووری لە ناوبردنی داوە. ترامپ گوتی کە سلێمانی هۆکاری کوژرانی هەزاران ئەمریکایی بووە و دەبا ساڵانێک زووتر لە ناو چووبا.
شایانی باسە کە ئەو بەرپرسەی سپای پاسداران لە حاڵیکدا باسی تۆڵە کردنەوە دەکاس کە ئیسرائیل ڕۆژانە لە سووریە و عێراق چەکدارە ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانیان دەکاتە ئامانج و دەیانکوژێ و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش نەک هەر توانای وڵامدانەوەی نییە بەڵکوو ناوێرێ باسیشی بکا.