وەزارەتی دەروەی ئەمریکا: هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران گەڕاوەتەوە و جێبەجی دەکرێ.
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا بە بڵاوە کردنەوەی بەیاننامەیەک بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئەم وڵاتە لە سەر” پابەند نەبوونی ڕێژیمی ئێران بە ڕێککەوتنی بەرجام” و ڕاگەیاندن بە شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٣٠ی گەلاوێژ و کۆتایی کاتی سی ڕۆژە گەڕانەوەی گەمارۆ هەڵپەسێردراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، گەمارۆکان لە کاتژمێر ٨ی شەوی ٢٩ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی بە کاتی ئەمریکا دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا هاتووەکە” ئەگەر وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنییەکانی خویان لە جێبەجێکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بشکێنن، ئەمریکا دەتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی نێوخۆیی خوی، گەمارۆ بە سەر وڵاتانی دیکە دا بسەپێنێ”
هاوکات مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لاپەڕەی تویتێرەکەیدا دەڵێ: هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران گەڕاوەتەوە.
پۆمپێئۆ، هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران، وەکوو سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و دژ بە یەهودییەکان گەڕاوەتەوە، ئەم گەمارۆیانە دووبارە کردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر بازرگانی کردنی چەکوچۆڵیش دەگریتەوە، کە ئەمە هەواڵێکی زۆر دڵخوشکەرە بۆ ئاشتی و تەبایی لە ناوچەکەدا.
چەند کاتژمێر پێش بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەمبەر گەڕانەوەی گەمارۆکان، محەممەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە کاناڵێکی تەلەفزیۆنی ئێرانیدا وتی: میکانیزمی ماشە”پەلاپیتکە” لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەهاتووە و ئەمریکاییەکان ناتوانن گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بگەڕیننەوە.
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا کاتژمێر ٨ی شەوی شەممە ٢٩ی خەرمانان بە کاتی ئەمریکا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە”بە هەبوونی میکانیزمی ماشە،پەلاپیتکە” ئێستا ڕێژیمی ئێران دەبێ هەموو چالاکییەکانی خوی وەکوو پیتاندنی ئۆرانیۆم، بەرهەمهێنانی ئاوی قورس ڕاوەستێنێ، ئێمە بە هێچ جۆرێک بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم ئیزن نادەین، بە مەترسیدارترین چەکی جیهان دەستی ڕابگا.
هەروەها هاتووە کە، سیاسەتی گوشاری زۆر تا کاتێک کە ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە تێرۆر،ئاژاوەگێڕی و خوێنڕشتن نە هێنێت بەردەوامە”
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: ئەم کارەی ئێمە” هەنگاوێکە بەرەو ئاسایش وئاشتی نێو نەتەوەیی” ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی بە جێگای ئەوەیکە ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ نێو بازنەی نێونەتەوەیی، پۆڵ و پارەیەکی زۆری بەئاخوندەکانی ئێراندا تا بەکەڵک وەرگرتن لەو پارەیە لە عێراق ولوبنان و یەمەن و سووریە کار وکردەوی تێرۆریستی ئەنجام بدەن.
ئەمریکا ٣٠ی ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی گەلاویژی ٩٩ی هەتاوی لە نامەیەکی فەرمیدا بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندبوو کە دەیهەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمی ماشە” پەلاپیتکە” هەموو گەمارۆ هەڵپەسیردراوەکانی سەر ڕێژیمی ئیران پێش لە رێککەوتنی بەرجام بگەڕێنێتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکایی جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە هەروڵاتێک کە ناوی لە بڕیارنامەی٢٢٣١ی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتبێ وەکوو ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە لە میکانیزمی ماشە”پەلاپیتکە” بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان کەڵک وەربگرێ.