ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لە گەڵ ئەندامانی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕیژیمی ئێران بەردەوامە.
دەوڵەتی دوناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئامادەیە سەرەڕای ئەوەیکە زۆربەی ئەندامانی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتی دەکەن، ڕۆژی یەکشەممە٣٠ی خەرمانای ٩٩ی هەتاوی میکانیزمی ماشە(پەلاپیتکە) کارا بکاتەوەو هەموو گەمارۆکانی سەرڕیژیمی ئیران پێش ڕێكکەوتنی بەرجام بگەڕێنێتەوە.
دەوڵەتی ترامپ و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا جەخت لە سەر گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەکەن کە زۆربەی هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی ئەمریکا دەڵێن بە هۆی ئەوەیکە ئەمریکا لە ساڵی ٩٧ی هەتاویەوە بە تەنیا لە بەرجام چووتەدەرەوە، ناتوانێت میکانیزمی ماشە کارا بکاتەوە.
ئەمریکا سوورە لە سەر ئەوەیکە بە هۆی بڕیارنامەی٢٢٣١ی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەسەند کردنی بەرجام وەکوو ئەندامێکی ئەم شورایە مافی ئەوەی هەیە کە بەپێی بڕیارنامەکە داوای گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕیژیمی ئێران بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە سێ وڵاتی ئورووپایی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە نامەیەکدا بۆ شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە دوای تەواوو بوونی ماوەی گەمارۆکانی سەر ئێران هیچ وڵاتێک ناتوانێت گەمارۆکان بگەڕێنێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی بۆلۆمبێرگ، ئەندامانی ڕێککەوتنی بەرجام کە بە کارا کردنەوەی میکانیزمی ماشە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر رێژیمی ئێران دژایەتی دەکەن، دەیانهەوێت بەو هیوایە کە جوبایدن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەبێ بە سەرۆک کۆمار، ڕێککەوتنی بەرجام ڕاگرن.
بە پێی راپۆرتی بۆلۆمبێرگ، دەوڵەتی ترامپ دەیهەوێت، لە ئەگەری فرۆشتنی چەکوچۆڵ لە لایەن چین و ڕووسیەوە بە ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی زۆر قورس بخاتە سەر ئەو وڵاتانە.
دیپلۆماتکارانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەتی ترامپ بە بڕینی بوجەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوشار بخاتە سەر ئەم ڕێکخراوەیە بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران.