ئاژانسی هەواڵی بڵومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستۆتەسەر هەوڵەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ دروستکردنی هێزێکی چەکدار بە ناوی “گرووپی زەربەت” لە ناوچە و گەڕەکەکانی شاری تاران بە بیانووی بەرنگاربوونەوەی خراپکاران، هەروەها هەمان پلانی بۆ پارێزگای خوزستانی دەوڵەمەند بە نەوتیش هەیە.
بڵومبێرگ دەڵێت، هەرچەندە هیچ هەواڵێکی نوێ نیە کە باس لە نائارام بوونی پێیتەختی ئێران بکات ، بەڵام ڕەنگە ئەو کارانە پێیوەندی بەو تووڕەبوونە زۆرانەوە هەبێت کە پاش لەسێدارەدانی زۆرانبازی ئێرانی “نەوید ئەفکاری” لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا سەریان هەڵداوە. و هەروەها تووڕەبوونی خەڵکی ئێران بە گشتیی لە دەسەڵاتی ئاخوندی .
شایانی باسە کە بارودۆخی خراپی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران بوو بە هۆی ئەوەیکە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە لانیکەمەوە ٣ جار ناڕەزایەتی جەماوەریی لە ئێران درووست ببێت. هەر لەم مانگەدا ترامپ ئاماژەی بە داڕمانی ئابوریی ئێران کرد و گوتی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی ئێران لە سەتا٢٤ دابەزیوە .
شارەزایان و لێکۆڵەرانی سیاسی ئێرانی و دەرەوەی ئێرانیش دەڵێن کە ئامانجی “گروپی زەربەت” سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانە نەک بەرنگاربوونەوەی بەدکاران.