محەممەد نووریزاد، چالاکی سیاسی و لە ڕەخنە گرەکانی عەلی خامنەیی کە ئێستا لە بەندیخانەی ڕێژیمی ئێران دەستبەسەرە، لە پێیوەندیەکی تلفۆنی لەگەڵ هاوسەرەکەی گوتوویەتی: ڕۆژی ڕابردوو باری تەندروستیی لە بەندیخانە تێک دەچێت و هێزە ئەمنیەکانی بەندیخانە دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی لە دەرەوەی بەندیخانە بەڵام بە هۆی نەبوونی دوکتور و بێ هیچ تاقیکاریەکی پزشکی و بە بێ هۆشی دەیگەڕێننەوە بۆ بەندیخانە.
ناوبراو لەو پەیوەندیە تەلەفوونیەدا بە هاوسەرەکەی دەڵی، مرۆڤێکی بێهۆش بە ناجوامێرانەترین شێوە هێنایانەوە بۆ قەسابخانەی ئێڤین، لەوێ منیان راگرت و ئیدی نازانم دەرزیان لێدام، چیان کرد، منیان گەڕاندەوە و دەست و لاقی منیان گرت و خستمیانە سەر تەختەکەم و بەجێیان هێشتم تۆ بڵێی نەخۆشخانەیەک وەکوو نەخۆشخانەی تاڵقانی یەک دوکتوری نەبوەبێ کە چارەسەری من بکات.
فاتمە مەلەکی، هاوسەری محەممەد نووریزاد ئەمڕۆ لە وتووێژێکی لەگەڵ “دوێچەولە”ی فارسی گوتی، ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی کە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە دوو ئاگاداریان بۆ ناردوە. یەکێکیان ئاگاداری ئەوە بوو کە دەبێ بڕاوت بۆ دادگای مەشهەد، من نازانم ئەم تاوانەی مەشهەد چیە کە تەواو نابێت.
مەلەکی لە درێژەدا وتی، ئاگاداری دووهەمیش لە گورگانەوە هاتوە، ئەو جێگەیەی کە نووریزاد پێشتر بە یەک ساڵ حەبس مەحکووم کرابوو و ئێستاش دیسان بە سێ ساڵ حەبسی دیکە مەحکووم بووە کە یەک ساڵی پێ بەخشراوە بەڵام دوو ساڵ لەبەر پەروەندەکەی گورگان دەبێ لە بەندیخانە بمێنێتەوە.
شایانی باسە هاوسەری نووریزاد ئەوەشی خستە ڕوو کە لە ڕاستیدا ئێستا بردنی بۆ نەخۆشخانە و دەرمانخانەی ئێڤین، هەمووی ئەمانە بە شێوەیەک بووەتە گاڵتە کردن، نووریزاد نەک هەر تەندرووستی باش نەبوە بەڵکوو بارودۆخی خراپتر بوە و ئەم گاڵتە پێکردنە هەموو شەوێ بەردەوامە بۆ ئەو.
شایانی باسە کە ئەم چالاکە سیاسیە کە بە هۆکاری واژۆی داواکاری دەست لە کار کێشانەوەی عەلی خامنەیی، لە مانگی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاویەوە لە بەندیخانە دەست بەسەرە.