ئازمایشی ئەرێنی قوتابییەک و بەگومان بوون لە ٢ قوتابی دیکە بە پەتای کۆرۆنا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری شنۆ، دەرگای قوتابخانەکەی داخست.
بەپێی ڕاپۆڕتی ناوەند مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، دوای ئەوەیکە ڕۆژی سێ شەممە ٢٥ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی تاقیکردنەوەی یەکێک لە قوتابییەکانی ئەرێنی ڕاگەیەندرا، بەرپرسی پەروەردە و ڕاهێنانی شنۆ گوتی: ئەرێنی بوونی تاقیکاریی کۆرۆنای قوتابییەک و بەگومان بوون لە ٢ قوتابی دیکە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە، دەرگای قوتابخانەکەی داخست.
شیرین جەهانگیری ڕایگەیاند: هەتا ئێستا ئازمایشی سێ قوتابی قوتابخانەیەک دراوەتە نەخۆشخانە کە ولامی یەکیان ئەرێنی بووە و وڵامی ئازمایشی دوو قوتابییەکی دیکەش وا بڕیارە سبەی بدرێتەوە،هەر دوای ئەم زانیاریانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگا و فەرمانداری شاری شنۆ، بڕیارمان دا کە ئەو قوتابخانەیە جارێ دابخرێ.
شایانی باسە کە شارەزایان لە کردنەوەی قوتابخانەکان وەکوو کارەساتێک ناو دەبەن و ئەو بارودۆخە هەڵگری ئەو بڕیارە نییە بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم نیشانیان داوە کە بەردەوام کەمتەرخەمن لە ئاستی گیانی مرۆڤەکاندا.