کەسایەتییەکی فەرهەنگیی شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ خەرمانان کاک کەریم سالمی، ڕوخساری ناسراوی کۆمەڵگەی ڕووناکبیریی کورد لە شاری بۆکان بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.
کاک کەریم لە دەیەی ٤٠ی هەتاوییەوە خاوەنی کتێبفرۆشی سالمی لەسەر شەقامی سەرەکیی بۆکان بوو، ئەم کتێبفرۆشییە بنکە و مەکۆی کۆبوونەوەی ئەویندارانی کتێب بەتایبەت مامۆستا و خوێندکارانی بۆکان بوو.
کاک کەریم کەسایەتییەکی چەپ، نەتەوەیی، پێشکەوتنخواز، دادپەروەر و، مرۆڤێکی ڕووخۆش و میهرەبان بوو. کتێب فرۆشییەکەی کاک کەریم بە تایبەتی ماوەیەک پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ و یەک دوو ساڵ دوای ئەو، مەکۆی ئاڵوگۆڕی بیروڕای جیاواز و شوێنی وەدەسهێنانی کتێبی باش و بەنرخی ئەو کات بوو. کاک کەریم بە هێنانی کتێبی باش بۆ شاری بۆکان ڕۆڵێکی بەرپرسانەی لە پەرسەندنی ڕەوتی ڕووناکبیری لەم شارەدا هەبوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە مەرگی کاک کەریم سالمی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری و هەروەها کۆمەڵگەی ڕووناکبیری و فەرهەنگیی بۆکان دەکا.