سەلاحەدین عیسازادە، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی “شێخ عوسمان” ی سەر بە شاری شنۆ، بە هۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم بریندار و پاشان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.
ئەو کۆڵبرە لە شیوی “زرمازو” هەڵکەوتوو لە بەرزاییەکانی شنۆ کەوتۆتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و، دوایی بریندار بوونی، دەسبەسەر و لەژێر ئەشکنجەدا گیانی لە دەست داوە.
تەرمی ئەو کۆڵبەرە ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەرمانان ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە، و لە شوێنی لەدایک بوونی بە خاک سپێردراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانان، بەهۆی تەقەی کەوکوژی و سەرەڕۆیانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ماشێنێک لە گوندی ئێرانشار دو کاسبکاری دیکە کوژران.
بەپێی هەواڵی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ئەو دوو کەسە برا بوون و “عەلی بامەری” و “حەبیب بامەری”یان ناو بووە.
ئەو ڕووداوە لە فەلەکەی ئەڕتەشی ئێرانشار ڕووی داوە.
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ماوەی ساڵدا بێ ترس لە هیچ لێپرسینەوە و بەدواداچوونێکی قەزایی کەوکوژی کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان دەدەنە بەر دەستڕێژ و سەرەڕای ناڕەزایەتیی ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لەو جینایەتانەیان بەردەوامن.











